رووبەڕووبوونەوە لەنێوان ئاسایشی هەولێر و دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر روویدا

بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند "لە ئەنجامى رووبەڕووبوونەوەى تیمێکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیەکەمان لەگەڵ دوو بازرگانی ماددە هۆشبەرەکاندا کارمەندێکمان بریندار بوو و یەکێک لە داواکراوەکان کوژرا".

لە راگەیەندراوەکەى بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئاماژە بەوە کراوە "کاتژمێر 6:15ی ئێوارەی 23-4-2024، تیمێکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیەکەمان بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دادوەر بەدواداچوونی دوو بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانی کرد".

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "لە دەوروبەری شاروچکەی عەنکاوە، داواکراوەکان رووی چەکەکانیان ئاراستەی هێزەکانی ئاسایش کرد و کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان بەسەختی بریندار بوو".

ئاماژە بەوەش کراوە "لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی هێزەکانمان، یەکێک لە داواکراوەکان کوژرا و ئەوی تریان دەستگیر کرا و لێکۆڵینەوە بەردەوامە".