خەڵاتی زێڕینی بلە بەخشرایە 10 کەسایەتی دیاری کورد

لە مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتی زێڕینی بلەدا، کە ئەمڕۆ بە ئامادەیی چەندین کەسایەتییەکی دیار بەڕێوەچوو، خەڵاتی زێڕین بلە بەخشرایە 10 کەسایەتیی دیاری چوار پارچەی کوردستان.

ئەمڕۆ، رێکەوتی 23ـی نیسانی 2024، مەراسیمی خەڵاتی زێڕینی بلە لە تەلاری هونەر لە سلێمانی بەڕێوەچوو، بۆ ئەمساڵیش 10 کەسایەتیی دیاری کورد، کە لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە دیاریکرابوون، خەڵاتکران.

ئەو کەسایەتییانەی کە ئەمساڵ براوەی خەڵاتەکە بوون، هەریەکەیان لە بوارێکی جیاوازدا کاریگەریی هەبووە و جێپەنجەی خۆی بەجێهێشتووە.

براوەکانی خەڵاتەکە پێکهاتبوون لە هەریەکە:

ئیبراهیم ئەمین باڵدار، نووسەر، ساڵی (1920 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، 1998 لە بەغداد کۆچی دوایی کردووە)، نووسەر و مامۆستای ناوداری پەروەردەیی کورد بووە، لە داڕشتنەوەی ئەلفوبێی ستانداردی کوردیدا رۆڵێکی کاریگەریی هەبووە.

عەلی ئەکبەر مورادی هونەرمەند، ساڵی 1957  لە کرماشان لەدایکبووە، هونەرمەند و گۆرانیبێژێکی ناسراوی کوردە و مامۆستای تەمبوورە، شارەزایەکی مەقاماتی تەمبوورە.

دکتۆر ئەختەر نەجمەدین، ساڵی 1941 لە دێی جافەران لەدایکبووە، یەکێکە لەو دکتۆرانەی کە رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە خزمەتکردنی منداڵانی کوردستان و تووشبووانی شێرپەنجە، یەکێک بووە لەو کەسانەی رۆڵیان هەبووە بۆ کردنەوەی نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی.

ناسڕ رەزازی، هونەرمەند، ساڵی 1955 لە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، یەکێکە لە گۆرانیبێژە دیارەکانی کورد کە توانیویەتی بە هەموو زاراوەکانی زمانی کوردی گۆرانی بڵێت.

خالید جاف نووسەر، ساڵی 1962 لە کەرکوک لەدایکبووە، یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی ئەو شارە کە ژیانی بۆ سەلماندنی کوردستانیبوونی کەرکوک تەرخان کردووە، هەر بۆ ئەو مەبەستەش کتێبی "لە زاری بەڵگەنامەوە"ـی بڵاوکردووەتەوە.

د. شێرکۆ عەبدوڵڵا نووسەر، ساڵی 1956 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، چەندین بەرهەمیی ئەدەبیی بڵاوکردووەتەوە، یەکێکە لە دیارترین نووسەرەکانی تەنزی کوردیی، سەرنووسەری گۆڤاری سیخوڕمە بووە.

سەید عەلی ئەسغەر کوردستانیی، ساڵی 1882 لە شاری سنە لە رۆژهەڵات لەدایکبووە، گۆرانیبێژ و مەقامبێژی ناسراوی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بە قوتابخانەیەکی گرنگ بۆ گۆرانی و موزیکی کورد دادەنرێت.

دکتۆر جوان حەمی، ساڵی 1972 لە قامیشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە، یەکێکە لەو پزیشکانەی کە لە کاتی هێرشی داعش بۆسەر رۆژئاوای کوردستان رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە چارەسەری بریندارەکاندا.

عەلی بەدرخان، سینەماکار، ساڵی 1946 لە قاهیرەی پایتەختی میسر لەدایکبووە، لە بنەماڵەی بەدرخانییەکانە و کوڕی ئەحمەد بەدرخانە، یەکێکە لە فیلمسازە بەناوبانگەکانی کورد، کە دەرهێنانی بۆ چەندین فیلم و درامای گرنگ کردووە.

حاجی فەییم، ناسراو بە سیمبوولی ئەنفال، ساڵی 1947 لە گوندی رەباتی سەر بە سەنگاو لەدایکبووە، یەکێکە لەو کوردانەی کە زۆرترین ئەندامی خێزانیی لە شاڵاوی ئەنفالدا لەدەستداوە، کە ژمارەیان دەگات بە 52 کەس.

خەڵاتی زێڕینی بلە، خەڵاتێکە ساڵانە لە یادی کۆچیدوایی نوسەر و سیاسەتمەدار و روناکبیری گەورەی کورد ئیبراهیم ئەحمەد سیاسەتمەدار، بەو کەسانە دەبەخشرێت بە ئەو کەسایەتیی دیار و کاریگەرانەی کورد، کە لە بوارە جیاوازەکاندا رۆڵی کارایان هەبووە.