بەڕێوەبەری حەج و عومرە: هەر کۆمپانیایەکی حەج و عومرە ڤیزای ساڵی حەج بکات سزادەدرێت

دوو هاونیشتمانى لەکاتى بەجێهێنانى فەریزەى عەمرە. فۆتۆ: بەڕێوەبەرایەتى حەج و عەمرەى هەرێمى کوردستان

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان هۆشداری بە کۆمپانیاکانی حەج و عومرە دەدات کە هەر کۆمپانیاییەک ڤیزای ساڵی حەج بکات سزادەدرێت.

شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە رایگەیاند، دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەمساڵ چەندین رێنمایی دەرکردووە بە مەبەستی رێگرتن لەو کەسانەی کە بە نایاسایی بازرگانی بە حەجەوە دەکەن و هاوڵاتییان فریو دەدەن بە حەجپێکردنیان بە ڤیزای ساڵی.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە پێناو پاراستنی سەروەت و سامانی گشتی، بڕیاریانداوە هەر کۆمپانیایەک کە پێشتر مۆڵەتی حەج و عومرەی هەبێت و بانگەشەی ڤیزای ساڵی بکات، مۆڵەتەکەی لێوەردەگێرێتەوە و سزای ماددیش دەدرێت و لە پڕۆسەی حەج و عومرە لە کوردستان و تەنانەت لە عێراقیش دووردەخرێتەوە.