سەرۆکی پارتی سەوزی دیموکراتی رواندا: ناردنی پەنابەران لە بەریتانیاوە بازرگانیکردنە بە مرۆڤەوە

خۆپیشاندان بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای ناردنی پەنابەران
خۆپیشاندان بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای ناردنی پەنابەران لە لەندەن. فۆتۆ:AP

فرانک هابینزا سەرۆکی پارتی سەوزی دیموکراتی رواندا کە ئۆپۆزسیۆنێکی سەرسەختی ئەو وڵاتەیە رەخنەی توندی لە بڕیارەکەی بەریتانیا بۆ رەوانەکردنی پەنابەران بۆ وڵاتەکەی گرت و رایگەیاند، ئەو هەنگاوە بازرگانیکردنە بە مرۆڤەوە.

فرانک هابینزا، سەرۆکی پارتی سەوزی دیموکراتی رواندا دەڵێت: ئێمە پشتیوانی بیرۆکەی میوانداریکردنی ئەو پەنابەرانە دەکەین کە لە وڵاتەکانی خۆیانەوە روو لە رواندا دەکەن، بەڵام ئەوانەی کە دەگەنە بەریتانیا لەژێر بەرپرسیارێتیی بەریتانیادان، نابن بە بەشێک لە بەرپرسیارێتی رواندا.

گوتیشی، "ناردنی پەنابەران لە بەریتانیاوە بۆ رواندا یەکسانە بە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، بەلاڕێدابردنی کەیسی پەنابەران بەمجۆرە وەک فرۆشتنیان وایە و بەتەواوەتی جیاوازە لەوەی هاوکارییان بکەیت".

پەرلەمانی بەریتانیا پڕۆژەیاسایەکی مشتومڕاوی پەسەند کرد، کە رێگە بە حکومەت دەدات کۆچبەرانی نایاسایی رەوانەی رواندا بکات.

رۆژی سێشەممە، 23ی نیسانی 2024، دوای ئەوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی لۆردەکانی بەریتانیا، پاش چەندین جار گەڕاندنەوەی رەشنووسی یاساکە بۆ ئەنجوومەنی کۆمۆنەکان، بەمەبەستی هەموارکردنەوەی، لە کۆتاییدا بڕیاریاندا هیچ هەموارکردنەوەیەکی دیکە بۆ دەقی یاساکە نەخرێتەڕوو و پڕۆژەیاساکە پەسەند بکەن.

چەند کاتژمێرێک بەر لە دانیشتنی پەرلەمانی بەریتانیا، کە بە 'ئەنجوومەنی لۆردەکان' ناسراوە، ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەڵێنیدا لە چەند مانگی داهاتوودا دەست بە راگواستنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ رواندا بکەن، لە چوارچێوەی پلانێکی مشتومڕاویدا، کە ئامانج لێی راگرتنی هاتنی ئەو کۆچبەرانەیە بۆ بەریتانیا.