یوسف کیلابی: هەر بەبانکییکردنێکی مووچە لە دەرەوەی بانکە حکومییەکان نا فەرمییە

یوسف كیلابی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. فۆتۆ: گوگڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران، پەیامێک ئاڕاستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات و ئاماژە بەوەدەکات، هەر بەبانکییکردنێکی مووچە لە دەرەوەی بانکە حکومییەکانی عێراق نایاساییە و مووچەکان پارێزراو نابن، حکومەتى هەرێمیش بەهۆکارى دواکەوتنى بەبانکییکردن تۆمەتبار دەکات.

یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: بانگێشتی بەڕێوەبەری بانکە حکومییەکانیان کردووە بۆ پەرلەمان سەبارەت بە گرفتەکانی بەبانکییکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان و بەڵام دەرکەوتووە حکومەتی هەرێمى کوردستان هۆکاری دواکەوتنەکەیە.

یوسف کیلابی، دەڵێت "هەر بەبانکییکردنێکی مووچە لە دەرەوەی بانکە حکومییەکان، نا فەرمیی دەبێت و مووچەکەت پارێزراو نابێت کە لێرەدا مەبەستم لە پرۆژەی هەژماری منە".

هەروەها ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنوسێت: "بانکە حکومییەکان ئامادەن بۆ بەبانکییکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری دواکەوتنیەتی".

رۆژی 7ی نیسانی رابردوو، وەزارەتی دارایی عێراق، نوسراوێکی ئاڕاستەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمى کوردستان کردووە و تیایدا داوا دەکات بەگوێرەى بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق زانیاریی پێویستیان پێبدات (ناوی چواریی، ساڵی لەدایکبوون، ناوی دایک، ژمارەی تەلەفۆن، ناونیشان و پلەی وەزیفی) بۆئەوەی مووچەکانیان بۆ بەبانکیی بکەن.

هەروەها ئاماژەیان بەوەکردبوو، فەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان دەتوانن لە یەکێک لە بانکەکانی "رەشید، رافیدەین یان بازرگانیی عێراق TBI " پرۆسەی بەبانکییکردنی مووچەکانیان ئەنجام بدەن.