جێگری وەزیری بەرگریی رووسیا بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکرا

تیمۆر ئیڤانۆڤ، وەزیرە دەستگیرکراوەکە فۆتۆ: گووگڵ

هۆبەی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی رووسیا لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە کە، " تیمور ئیڤانۆڤ، جێگری وەزیری بەرگریی رووسیا بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکراوە و رێکاری پێویست لەدژی گیراوەتە بەر".

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لەبارەى دەستگیرکردنى جێگری وەزیری بەرگریی رووسیا، زانیاری پێویستیان بە ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا، داوە و بەر لەویش سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگریی رووسیا ئاگادار کراوەتەوە.

تیمور ئیڤانۆڤ، لە ئایاری 2016ەوە بە فەرمانی راستەوخۆی ڤیلادیمیر پوتن پۆستی جێگری وەزیری بەرگریی رووسیای وەرگرتبوو.

بەهۆی ساغبوونەوەی چەند کەیسێکی گەندەڵی و وەرگرتنی پارە، لەلایەن دادگاوە بانگهێشتکراوە بۆ لێکۆڵینەوە و بەنهۆیەشەوە لە پۆستە فەرمی و حکومییەکەی بێبەشکرا.

بەگوێرەی وردەکاریی تاوانەکە، سزاکەی دەگاتە پێبژاردنێکی قورس یان زیاتر لە دە ساڵ زیندانیکردن.

یەکێتی ئەوروپا پێشتر سزای ئیڤانۆڤی دابوو وەک کارمەندێکی باڵا لە وەزارەتی بەرگری و بەرپرسی دروستکردنی دامەزراوە سەربازییەکان.

دامەزراوەی دژە گەندەڵی کە لەلایەن ئەلێکسی ناڤالنی کەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی کۆچکردوو دامەزراوە، لە ساڵی 2022دا لێکۆڵینەوەیەکی لەبارەی ئیڤانۆڤەوە بڵاوکردەوە.

دەگوترێت "بریکاری وەزیر سوودی لەو پڕۆژە بیناسازییانەی وەرگرتووە کە سەرپەرشتیدەکرد لە شاری ماریۆپۆلی ئۆکرانیا، ئەو شارەی دوای گەمارۆدانێک کە چەند مانگێکی خایاند، کەوتە ژێر دەسەڵاتی رووسیا".

لێکۆڵینەوەکانی ئەو رێکخراوە کە لە رووسیا قەدەغەکراوە بەهۆی ئەوەی "توندڕەو" بووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیڤانۆڤ لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە بۆ ئەوەی رێگەی پێبدات بەدەربازبوون لە سزاکانی یەکێتی ئەوروپا.