ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی نیسان، ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە و بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8 لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرى دارایی و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان راپۆرتێک لەبارەى خەرجى و داهاتەکان و داهاتە نەوتى و نانەوتییەکان پێشکەشدەکات کە حکومەتى فیدڕاڵ داوایدەکات.

بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8 لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، وەزیرى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان راپۆرتیک لەبارەى دوایین گفتوگۆکانى نێوان هەولێر و بەغداد و مووچەى فەرمانبەران و خەرجى و داهاتەکان پێشکەشدەکات لەگەڵ داواکارییەکانى بەغداد بۆ رادەستکردنى داهاتە نەوتى و نانەوتییەکان.

هەر بەگوێرەى ئەو زانیارییانە، باس لە پرۆژەى هەژمارى من دەکرێت بۆ بەبانکیکردنى مووچەى مووچەخۆران و بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆى پرسە داراییەکان، ئەنجوومەنى وەزیران بڕیار دەدات شاندێک بنێرێتە بەغداد.

بەگوێرەى گوتەى ژمارەیەک لە ئەندامانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ رەزامەندە زانیارییەکانى مووچەخۆران لە بانکە حکومییە عێراقییەکان تۆمار بکرێن و لە بانکەکانى هەرێمى کوردستانەوە مووچەى مووچەخۆران دابەشبکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتى هەرێمی کوردستان وەڵامى نەداوەتەوە.