پنتاگۆن داوا لە حکومەتى عێراق دەکات هێزەکانیان بپارێزێت

بارەگاى وەزارەتى بەرگریى ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە واشنتن. فۆتۆ: AP

پنتاگۆن داوا لە عێراق دەکات رێکاى پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق و سووریا، حیزبوڵاى عێراقیش رەتیدەکاتەوە کردەوە سەربازییەکانى دژ بە هێزەکانى ئەمریکا دەستپێکردبێتەوە.

پات رایدەر، گوتەبێژى وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هێرشە مووشەکییەکان، هێزەکانیان دەخاتە مەترسییەوە و داوا لە حکومەتى عێراق دەکەن رێکارى پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنى هێزەکانیان.

دووپاتیشیکردەوە، لە ئەگەرى بەردەوامبوونى هێرشە مووشەکییەکان دوو دڵ نابن لە پاراستنى هێزەکانیان وەکچۆن لە رابردوودا کردوویانە.

لاى خۆشییەوە، حیزبوڵاى عێراقى لە راگەیەندراوێکدا، رەتیکردەوە، کردەوە سەربازییەکانى دژ بە هێزەکانى ئەمریکا دەستپێکردبێتەوە.

پێشتر رۆژنامەى ئەندیان ئێکسپرێس بڵاویکردبووەوە، کەتیبەکانى حیزبوڵاى عێراقى، دواى سێ مانگ جارێکى دیکە هێرشەکانى بۆ سەر هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق و سووریا دەستپێکردووەتەوە.

لە دوو رۆژى رابردوودا، ژمارەیەک هێرشى مووشەکى و درۆنى کرایە سەر هێزەکانى ئەمریکا لە سووریا، کە ماوەى سێ مانگ بوو لەسەر داواى حکومەتى عێراق و بۆ بواردان بە گفتوگۆکانى عێراق و ئەمریکا لەبارەى کۆتایهێنان بە ئەرکى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى راگیرابوون.