دڵشاد شەھاب: بەمنزیکانە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغداد

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کورادستان دەڵێت: "بەمنزیکانە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد دەکات، بەگوتەی ناوبراو "رەنگە کۆبوونەوەیەکی ئیدارەی دەوڵەت رێکبخرێت و بەشداریی تیادا بکات".

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئەمە کۆبوونەوەیەکی دەورییە و جاری پێشووش سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەشداربووە، ئەم بەشداربوونە کاریگەریی ئەرێنی دەبێت و ئێمە بەشێکی بنەڕەتین لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دڵشاد شەھاب لەبارەی کورسیی کۆتاکان و بەشداریکردنیان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گوتی: "بێگومان ھەموو ھەوڵێک دەگرینە بەر بۆ ئەوەی پێکھاتەکان بەشداری لە پڕۆسەی سیاسیدا بکەن و بەشدارییەکی کاریگەریان ھەبێت، ئەم پێکەوە ژیانە تابلۆیەکی جوانی ھەرێمە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە ھەموو توانایەکەوە کار لەسەر ئەم تابلۆیە دەکات و دەبێت ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەین".

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، لەبارەی سەردانەکەی ئەردۆغان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ تورکیا پەیوەندییەکی تازە نییە، گرنگیدان و پەرەپێدانی لەبەرژەوەندی ھەردوولا دایە، بەرژەوەندی ھاوبەشمان زۆرە و دراوسێی یەکدین، جیا لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، پەیوەندیی ئابووری و سیاسیمان ھەیە و سەقامگیریی ناوچەکە ئامانجێکی سەرەکی ئێمەیە.

دڵشاد شەهاب گوتیشی: "سەرۆککۆماری تورکیا لە سەردانەکەی بۆ بەغداد، دەستنیشانکردنی ھەولێری وەک پێگەیەکی بنەڕەتیی سەردانەکەی، ئاماژەیەکی گرنگە بۆ پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق و ھەرێمی کوردستان و ئاماژەیەکی گرنگە بۆ زیندوویەتیی ھەرێمی کوردستان وەک کاراکتەرێکی سیاسی لە پڕۆسەی عێراق و ناوچەکە و گرنگییەکی تایبەتی ھەیە".