بەڕێوەبەرى ئۆفیسى هەولێرى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان گۆڕدرا

ئۆفیسى هەولێرى کۆمیسیۆن رایگەیاند، لەبەر پێویستیی و بەرژەوەندیی گشتی، بەڕێوەبەرى ئۆفیسى هەولێرى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان گۆڕدرا.

ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، مەڕوان محەمەد ساڵحی راسپارد بۆ بەڕێوەبردنی ئۆفيسى هەڵبژاردنەكانی پارێزگای هەولێر، لەشوێنی حەیدەر محەمەد ئەکرەم محەمەد.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم راسپاردنە لەبەر پێویستی و بەرژەوەندی گشتی و گرێنتیدان  و دەستەبەرکردنی هاوسەنگی کارەکان لە نێوان کارگێڕی و بەرپرسانی هۆبەکان و سەرجەم فەرمانبەرانی فەرمانگەکە ئەنجام درا، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024.

گۆرانکارییەکەى کۆمیسیۆن لەکاتێکدایە، کەمتر لە دوومانگى ماوە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کە بڕیارە لە رۆژى 10ی حوزەیران بەڕێوەبچێت.