ئەردۆغان لە کاتی گەڕانەوەی لە هەولێر باسی یەکێتیی نەکردووە

ئەردۆغان و ستافی راگەیاندنکارانی فۆتۆ: AA

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کاتی گەڕانەوەی لە هەولێرەوە بۆ وڵاتەکەی، وەڵامی رۆژنامەوانانی دایەوە و بەپێچەوانەی ئەوەی هەندێک میدیای هەرێمی کوردستان بڵاویانکردووەتەوە، باسی سلێمانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی نەکردووە.

بەگوێرەی دەقی دیمانەکەى کە لەلایەن هەریەک لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماریی تورکیا، دامەزراوەی تەلەفزیۆن و رادیۆی تورکیا (تەرەتە) و ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاوکراوەتەوە، ئەردۆغان لە گوتەکانیدا باسی لە پارێزگای سلێمانی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بافڵ جەلال تاڵەبانی نەکردووە. بەڵکو باسی پرسەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، رێگەی گەشەپێدان، ئاو، غەززە، دەستوور، پارتی دەم و بەرزبوونەوەی نرخى کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە بەشێک لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان بەوشێوەیە بڵاویانکردەوە، ئەردۆغان لە گوتەکانیدا هەڕەشەی لە سلێمانی و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کردووە. لە کاتێکدا مێژووی ئەو لێدوانەی ئەردۆغان دەگەڕێتەوە بۆ 15ـی شوباتی ئەمساڵ کە لە کاتی گەڕانەوەی لە میسرەوە بۆ وڵاتەکەی بە رۆژنامەوانانی راگەیاند.

ئەردۆغان لەکاتی گەڕانەوە لە هەولێرەوە، باسی لە چاوەڕوانییەکانی وڵاتەکەی لە عێراق کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان و گوتی، "بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لە هەنگاوەکەی عێراق کرد کە پارتی کرێکارانی کوردستانی وەک "رێکخراوێکی قەدەغەکراو و نایاسایی" ناوبرد، لە سەردانەکەشدا بە بەرپرسانی عێراقیان راگەیاندووە، چاوەڕوانن بەغداد پەکەکە وەک رێکخراوێکی "تیرۆریستی" بناسێنێت و کۆتایی بە بوونیان لەناو خاکەکەی بهێنێت".

ئەردۆغان جەختی لەوەشکردەوە، چەند ساڵێکە لە بەرەنگاربوونەوەی (پەکەکە، پەیەدە و یەپەگە)دان و لە داهاتووشدا بە مکوڕییەوە بەردەوامدەبن.

ئەردۆغان داوای پشتیوانیی بەغداد و دیمەشقی کرد و گوتی، "چاوەڕوانییان لە وڵاتانی دراوسێ هەیە کە هەڵوێستیان دژی ئەو هەڕەشانە هەبێت لە خاکی وڵاتەکانیانەوە دەکرێتەسەر تورکیا و بە هەماهەنگیی لەگەڵ تورکیا رووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببنەوە".

بەگوتەی ئەردۆغان، رێگەی گەشەپێدان لە بابەتە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی بووە لەو بارەیەوە گوتی "رێگەی گەشەپێدان بابەتی سەرەکی گفتوگۆکانیان بووە لەگەڵ عێراقییەکان، بە واژۆکردنی چوارقۆڵیی پڕۆژەکەش (تورکیا، عێراق، قەتەر و ئیمارات)، هەنگاوێکی گرنگیی دیکەی هاوبەشیان ناوە.

لەبارەی پرسی ئاویشەوە سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، تورکیاش لانی کەم هێندەی عێراق لە بابەتی ئاودا کێشەی هەیە و یەکێکە لەو وڵاتانەی کە دەوڵەمەند نییە بە ئاو. تورکیا لە بابەتی ئاو لەگەڵ عێراق دەیەوێت بە شێوەیەکی ژیرانە و چارەسەرخواز مامەڵە بکات. ئامانجی تورکیا بریتییە لە جێبەجێکردنی پرۆژەی هاوبەش و چارەسەر بۆ کێشە هاوبەشەکان، چونکە ئاو ئامرازیکی پێکدادان نییە، بەڵکو بوارێکی کاری هاوبەشە بۆ خزمەتکردنی کار و هەنگاوە هاوبەشەکان.