روانگەی سووری بۆ کەناڵ8: ئێران هێزەکانی لە باشووری سووریا کشاندەوە

دیمەنى هێرشەکەى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و بەرپەرچدانەوەى لەلایەن سیستمى بەرگریى ئیسرائیلەوە. فۆتۆ: AP

بەڕێوەبەرى روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە کەناڵ8ـی راگەیان، ئێران هێزەکانی لە باشووری سووریا کشاندەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ـی نیسانى 2024، رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ئێران لە ترسی بە ئامانجگرتنی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بارەگاکانی خۆی لە دیمەشق تاوەکو جۆلان چۆڵکردووە.

بەگوتەی رامی عەبدولڕەحمان، حیزبوڵا و هەندێک گرووپی چەکداری عێراقی شوێنی هێزەکانی ئێرانیان گرتووەتەوە.

هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرى روانگەی سووری، ئێران لە مانگی ئازار و دوای بۆردوومانکردنی کۆنسوڵخانەکەی لە دیمەشق، هەندێک لە بەرپرسانی هێزەکانی خۆی لە سووریا کشاندەوە.

ئەو ناوچانەى ئێران هێزەکانى لێکشاندووەتەوە، پێکدێن لە دیمەشق، قونەیتەرە و درعا کە هەرسێکیان هاوسنووری ئیسرائیلن.

هێزەکانی ئێران لە سووریا

لە دوای راپەڕینی خەڵکی سووریا لە ساڵی 2011 و دواتر دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتەدا، ئێران لە 9ـی حوزەیرانی 2013 بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتی بەشار ئەسەد، راوێژکاری سەربازی و چەکی رەوانەی سووریا کرد.

ئێران لە سووریا ژمارەیەک گرووپی چەکداری دروستکردووە، کە دیارترینەکانیان فاتمیون و زەینەبیونن. لە کاتی توندبوونەوەی شەڕی ناوخۆی سووریادا ژمارەی چەکدارەکانی سەر بە ئێران گەیشتبوونە 70 هەزار چەکدار. هێزەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی بەشدارییان لە زۆرینەی شەڕەکانی دژ بە گرووپە چەکدارە نەیارەکانی بەشار ئەسەددا کردووە.

ئێران هێزەکانی بە زۆری لە حەلەب، دیمەشق، حومس، درعا و دێرەزۆر و هەندێک لە ناوچەکانی نزیک لە سنووری ئسرائیل و ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سووریا لە ئەلبوکەمال جێگیرکردووە.

هێزەکانی ئیسرائیل جاروبار بنکە و بارەگای گرووپە چەکدارەکان و راوێژکارە سەربازییەکانی ئێران بۆردووماندەکەن. دوایین بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر هێزەکانی ئێران لە سووریا، بۆردوومانکردنی یەکی نیسانی ئەمساڵ بوو بۆ سەر  کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق. لەو بۆردوومانەدا حەوت راوێژکاری سەربازیی ئێرانی کوژران، کە محەمەد رەزا زاهیدی فەرماندەی سوپای قودس لە سووریا و لوبنانیان لە ناو کوژراوەکاندا بوو.