کەناڵ8 ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئاشکرادەکات

دیناری عێراقی فۆتۆ: حەمەسوور- کەناڵ8

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تیایدا چەند بڕیارێک دەرکرا و سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک باسی مووچە نەکراوە.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بەهیچ شێوەیەک باسی دابەشکردنی مووچە و پرسی سێ مووچەکەی ساڵی رابردوو نەکراوە.

گوتیشی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاردرا وەفدێکی تەکنیکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی داهاتی نەوتی و نانەوتی بچێتە بەغداد.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە چەند پێشنیارێک لەبارەی ئاسانکاریی گەڕاندنەوەی پێشینەکانی بانکە پسپۆڕییەکان لای هاونیشتمانییان وەک خانووبەرە، کشتوکاڵی، نیشتەجێبوون، پیشەسازی، گەشتوگوزار، هاوسەرگیری، هەروەها قەرزی بانکە بازرگانییەکان و رێژەی سوودی بانکیی ئەم قەرزانە و رێکارەکانی وەرگرتنەوەیان بەپێی یاسای چاکسازی کە لەلایەن وەزارەتی دارایی و دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشنیارکرابوون.

گوتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا چەند تێبینییەک لەبارەی پێشنیارەکان هەبوو، بڕیاردرا لەژێر رۆشنایی ئەو تێبینییانە پێشنیارەکان رێکبخەنەوە و لە کۆبوونەوەی داهاتوودا بیخەنەڕوو بۆ ئەوەی دەنگی لەسەربدەن.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە دەنگ لەسەر رەشنووسی پەیڕەوی پۆلێنکردنی بەڵێندەران و دانان لە لیستی بێبەشکردن لە بەشداربوون درا.