هاوسەرۆکی دەم بۆ وەزیری دادی تورکیا: سیاسەتی هەڕەشەکردن و داخستنی پارت بەسەرچووە

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دەم. فۆتۆ: AA

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (پارتی دەم) رەخنەى لە وەزیرى دادى تورکیا گرت کە هۆشداریى لەبارەى داخستنى "پارتى دەم"ـەوە دابوو.

لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکشارەوانییە سەرکەتووەکانی پارتەکەی، تونجەر باکرهان لە وەڵامی گوتەکانی یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا گوتى، "با پەنجە لە ئێمە رانەوەشێنن، چونکە سیاسەتی داخستنی پارت و هەڕەشەکردن ماوەیان بەسەرچووە و وەک چۆن لە رابردووشدا ملمان کەچنەکردووە، لە داهاتووشدا بۆ هەڕەشەکان ملکەچ ناکەين".

باکرهان ئاماژەی بەوەشکردووە، مکوڕن لەسەر سیاسەتی خۆیان کە هێنانی ئاشتی و دیموکراسییە بۆ تورکیا. گوتیشی، "گەلی کورد سیاسەتی قەیومی لەناو سندوقەکانی دەنگدان لە گۆڕنا".

رۆژی سێشەممە وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، هەدەپە نەیتوانی خۆی لە پارتی کرێکارانی کوردستان بەدووربگرێت و تەنانەت گوتە و رەفتارەکانیان پشتیوانیی بوو بۆ پەکەکە، هەربۆیە دۆسییەی داخستنی لەسەر کرایەوە. گوتیشی، "ئەگەر پارتی دەم هەمان سیاسەتی هەدەپە دووبارە بکاتەوە و دژایەتیی توندوتیژی نەکات، ئەگەر هەیە رووبەڕووی هەمان دۆخی هەدەپە ببێتەوە و دۆسیەی داخستنی لەسەر بکرێتەوە، بۆیە دەبێت پارتی دەم خۆی لە پارتی کرێکارانی کوردستان بەدووربگرێت".

7ـی حوزەیرانی 2021، لەسەر داوای بەکر شاهین، داواکاری گشتیی دادگای باڵای تورکیا لە دادگای دەستووری، دۆسیەی داخستنی پارتی دیموکراسیی گەلان (هەدەپە) وەرگیرا.

لە دۆسییەکەدا داوای قەدەغەکردنی کاری سیاسیی لە 451 سیاسی و ئەندامی هەدەپە کراوە، لەوانەش پەروین بوڵدان، میتحات سانجار، سەزایی تەمەلی و مەرال دانش بەشتاش.

لەسەر داوای هەدەپەش کاتی بەرگرییلەخۆکردنی هەدەپە بۆ مانگی نیسانی 2022 دواخرا. دواتریش هەدەپە رایگەیاند، بەهۆی ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتی و پەرلەمانییەکەی 14ی ئایار، ئامادەی بەرگریلەخۆکردن نابێت و داوای کرد بەرگریلەخۆکردنەکەی دوابخرێت، بەڵام داواکەی رەتکرایەوە.

بۆ داخستنی هەر پارتێک لە تورکیا، پێویستە دوو لەسەر سێی، واتە لە 15 ئەندامەکەی دادگای دەستوریی، 10 ئەندامیان دەنگ بە داخستنەکە بدات.

تاوەکو ئێستا دۆسییەی داخستنی هەدەپە بەردەوامە و بەهۆی درێژیی رێکارەکانی دادگا بۆ داخستنی پارتەکان، چاوەڕواندەکرێت دۆسیەکە ماوەیەکی زۆر بخایەنێت.