دادگای ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ راپەرێک دەرکرد

دادگای ئێران سزاى لەسێدارەدانی بۆ تۆماچ ساڵحى، گۆرانیبێژێکی دیاری راپ دەرکرد کە زیاتر لە ساڵ و نیوێکە بە تۆمەتی پاڵپشتیکردنی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2022ـی ژینا ئەمینی زیندانیکرابوو.

بەگوێرەی رۆژنامەی شەرقی ئێرانی، دادگای شۆڕشی ئەسفەهان سزای لەسێدارەدانی بەسەر تۆماچ ساڵحی، بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەى خراپەکارى لەسەر زەوى سەپاندووە، کە ئەو تۆمەتە بە یەکێک لە مەترسیدارترین تۆمەتەکان لە ئێران دادەنرێت.

پارێزەى تۆماچ ساڵحی بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، ساڵحی تۆمەتبارە بە هاندانی دژایەتیکردنی بەهاکانی کۆمەڵگە، گردبوونەوە، پیلانگێڕی و بانگەشە دژی سیستم و بانگەشە بۆ کاری پشێوی.

ساڵحیی گۆرانیبێژ تەمەنی 33 ساڵە و لە مانگی تشرینی یەکەمی 2022ـەوە راگیراوە و ئەو گۆرانیبێژە لەرێگەی گۆرانییەکانیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پاڵپشتی لە خۆپیشاندانەکانی ئەوکاتە دەکرد.

هاوکات هاوپیشەکانی لە دەرەوەی وڵات پاڵپشتی خۆیان بۆی نیشاندا و رایانگەیاند، ئەوان دەترسن لە لایەن دادگاوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێت، لەمیانی ئەو خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیانەشی لە دژی کوژرانی ژینا ئەمینی ئەنجامدران، تاوەکو ئێستا بەگوێرەی رێکخراوە ناحکومییەکان، ئێران زیاد لە نۆ کەسی بەهەمان تۆمەت لەسێدارەداوە.