ئالپاچینۆ و دێن ستیڤنز لە فیلمێکی ترسناکدا رۆڵ دەبینن

واچاوەڕوان دەکرێت، فیلمێکی سینەمایی ئالپاچینۆ ئەستێرەی سینەمایی و دێن ستیڤنزی ئەکتەری ناسراو، بەناوی "The Ritual" کۆبکاتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "Variety"، لە فیلمەکەدا، ئالپاچینۆ و دێن ستیڤنز رۆڵی دوو قەشە دەبینن کە لە رووی دەروونییەوە شڵەژاو و ناجێگیرن، لەو فیلمەدا کە لەلایەن دیێڤید میدڵەوە دەردەهێنرێت.

فیلمەکە لەلایەن XYZ Filmsـەوە خاوەندارێتی دەکرێت، وابڕیارە لە ساڵی 2025ـدا فیلمەکە پەخش بکرێت و لە سینەماکانی جیهاندا نمایشبکرێت.

فیلمی "The Ritual" لەلایەن مێدێڵ و ئینریکۆ ناتاڵییەوە نوسراوە، لە بەرهەمهێنانی ئێندرۆ ستیڤنز، میچڵ وێڵچ و ناتاڵییە، هەریەکە لە ئاشڵی گرین و ئابگێڵ کاوێن رۆڵی تێدا دەبینن.

فیلمەکە بە پشتبەستن بە چیرۆکێکی راستەقینە بەرهەمدەهێنرێت، باس لە دوو قەشە دەکات، یەکێکیان (ستیڤنز) گومانی لە بڕواکەی هەیە، قەشەکەی دیکە (ئالپاچینۆ) بیر لە رابردووە ئاڵۆزەکەی دەکاتەوە، ئەم دوو قەشەیە لەپێناو رزگارکردنی کچێک لە رۆحیانەتە خراپەکان واز لە ناکۆکییەکانیان دەهێنن و هەوڵی رزگارکردنی دەدەن.