ئاسایشی هەولێر روونکردنەوە لەبارەی کوژرانی "خەسرۆ ئەمیر" دەدات

ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، ئەو کەسەی لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا کوژرا "داواکراوە و تەواوی بەڵگەکان لەبەردەستی دادگادان" و لێدوانی کەسوکارەکەی رەتدەکەنەوە.

ئێوارەی دوێنێ، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، "لە ئەنجامى رووبەڕووبوونەوەى تیمێکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیەکەمان لەگەڵ دوو بازرگانی ماددە هۆشبەرەکاندا کارمەندێکمان بریندار بوو و یەکێک لە داواکراوەکان کوژرا".

ئاماژەی بەوەشکردبوو، "لە دەوروبەری شاروچکەی عەنکاوە، داواکراوەکان رووی چەکەکانیان ئاراستەی هێزەکانی ئاسایش کرد و کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان بەسەختی بریندار بوو".

کەسوکاری ئەو هاونیشتمانییەی لەلایەن ئاسایشەوە کوژرا، ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا راگەیەندراوەکەی ئاسایشیان رەتکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، "هەر هەموومان شایەتی بۆ دەدەین ئەو تۆمەتەی بۆیان دروستکردووە، دوورە لە راستی".

برای کوژراوەکە گوتی ''ئەگەر برای ئێمە تاوانبارە، دەستیان خۆش بێت کوشتوویانە، ئەگەر تاوانباریش نییە، ئێمە داوای مافی خۆمان دەکەین".

لەبەرامبەردا کەمێک لەمەوبەر، ئاسایشی هەولێر لە رونکردنەوەیەکدا دەڵێت: دوای ئەوەی بە هۆی رووبەڕووبوونەوەی دوو داواکراو لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش لە کاتی جێبەجێکردنی فەرمانی دادوەر، یەکێکیان گیانی سپارد و ئەویتریان بریندار بوو، کەسوکاری ئەو داواکراوەی گیانی لە دەستداوە لێدوانیان هەبووە.

ئاسایش دەشڵێت: تەواوی بەڵگەکان لەبەردەستی دادگادان و ئەو دۆسیەیە رێڕەوی یاسایی خۆی دەبڕێت و نامانەوێت جگە لە بڕیار و رێنمایی دادگاکان هیچ روونکردنەوەیەکی تر بدەین و وڵامی ئەو لێدوانانەش تەنیا لە دادگا دەدەینەوە.