یەکێک لە تابلۆکانی کۆمەڵەی مایس

چەند تابلۆیەکی رزگارکراوی کڵێسا سوتاوەکەی فەرەنسا نمایشدەکرێن

کۆمەڵێک تابلۆی رزگارکراو لەو ئاگرەی کە لە ساڵی 2019ـەدا لە کڵێسای نۆتردام لە پاریس کەوتەوە و زیانی بە بەشێکی زۆری ئەو باڵەخانە مێژووییە گەیاند، لە پێشانگەیەکدا نمایشدەکرێن.

وەزارەتی رۆشنبیری فەرەنسا ئاشکرایکردووە، پێشانگەیەکی نوێ لە مۆبیلیێر ناشیۆناڵ لە پاریس رێکدەخرێت، وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی کڵێسای نۆتردام، لە پاش تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر سوتاندنیدا. پێشانگەکە کاری هونەری هاوچەرخ و 13 تابلۆی مایس کە رزگارکراوی ئاگرەکەن لەخۆدەگرێت.

ئیمانوێل پێنیکۆت، بەڕێوەبەری مۆبیلیێر ناشیۆناڵ گوتی، "لە رۆژی دوای ئاگرەکەوە ئەو تابلۆیانەمان لای خۆمان هێشتووەتەوە، پێشانگەکە دەرفەتێکە بۆ بینینی هەموویان لە یەک شوێندا، بەهەمان ریزبەندی کاتی کێشانیان لەلایەن هونەرمەندەکانەوە".

کۆمەڵەی مایس، 76 تابلۆی زەیتی لەخۆدەگرێت کە لە نێوان ساڵانی 1630 بۆ 1707 کێشراون، لە کارەکانی باشترین هونەرمەندانی فەرەنسان، لەنێویاندا چارڵز لی برون و جاک بلانچارد.

لەو ساڵانەدا تابلۆکان بۆ پێشبڕکێیەک دروستدەکران، کە لەلایەن کۆنفرێری دی ئۆرفیڤری پاریس (سەندیکای زێڕینگەرانەوە) رێکدەخرا، هەموو مانگی ئایارێک، سەندیکاکە یەک بەرهەمی هەڵدەبژارد بۆ ئەوەی لەبەردەم پەیکەری مەریەمدا لە دەرەوەی کڵێساکە نمایش بکرێت، پاشان ئەم پارچانە بەخشرانە کڵێسا.