رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: ئیسرائیل لە غەززە تاوانی جەنگی ئەنجامداوە

هەڵدانەوەی دوو گۆڕی بەكۆمەڵ كە لەناو كۆمەڵگەیەكی پزیشكی لە خان یونس دۆزراونەتەوە. فۆتۆ: AA

پۆل ئۆبراین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لقی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل بە چەکی ئەمریکی تاوانی جەنگی لە غەززە ئەنجامداوە.

ئوبراین لە راگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، لەسەر رەزامەندی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لەسەر کۆمەککردنی ئیسرائیل بەبڕی 26 ملیار دۆلار رایگەیاندووە، بە گوێرەی بەدواچوونەکانی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، دەردەکەوێت سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە تاوانی جەنگی ئەنجامداوە.

داواشی لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە، دەستبەرداری ناردنی چەکی زیاتر بێت بۆ ئیسرائیل، کە لە رێگەیەوە تاوانی جەنگی پێئەنجام دەدرێت.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لقی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ئەمریکا، ستایشی ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی پیرانی کردووە، کە دژی پەسەندکردنی پرۆژەی کۆمەکەکانی دەرەوەی ئەمریکا بوون بە بەهای 95 ملیار دۆلار.

سوپای ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، لە دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسەوە بۆسەر ناوچە ئیسرائیلییەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، هێرشکی سەختی بۆسەر غەززە دەستپێکردووە، تاوەكو ئێستا بەهۆیەوە زیاتر لە 34 هەزار کەس کوژراون و زۆربەشیان ژن و منداڵن.