سەدان کۆچبەر بە شەمەندەفەری بارهەڵگر دەگەنە سنووری مەکسیک و ئەمریکا

گەیشتنی سەدان كۆچبەر بۆ سەر سنوورەكانی ئەمریكا و مەكسیك، لەرێگەی شەمەندەفەری بارهەڵگرەوە. فۆتۆ: AFP

سەدان کۆچبەر بە شەمەندەفەرێکی بارهەڵگر دەگەنە شاری سیوداد خوارێز، لەسەر سنووری مەکسیک لەگەڵ ئەمریکا.

بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵی ئەمریكا، ئەو کۆچبەرانە کە زۆربەیان خەڵکى ئیکوادۆرو هایتین، رێگەى مەترسیان گرتووەتەبەر لەپێناو ژیانێکى باشتر، کە ئامانجیان ئەوەیە دەرگایان لێ بکرێتەوەو بچنە ئەمریکا.

روونیشكراوەتەوە، ئەو کۆچبەرانە لەبەر هۆکارەکانى خراپى بارى ئابوورى و نەبوونى ئاسایش لەوڵاتەکەیاندا بەرەو ئەمریکا کۆچ دەکەن، لەکاتێکدا مەترسى لەسەر ژیانیان هەیە کە لەلایەن باندەکانى مەکسیکەوە مامەڵەى خراپیان لەگەڵ بکرێت.

گرووپی فریاگوزاری پزیشکانی بێسنوور ئەوەى خستۆتەڕوو، ساڵی رابردوو زیاتر لە 67 هەزار کۆچبەریان لە کۆستاریکا، هندۆراس، گواتیمالا و مەکسیک چارەسەر کردووە، کە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە ڕێژەی 21% زیادیکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە، ئەرکی هەر وڵاتێکی ناوچەکەیە، مامەڵە لەگەڵ دۆخی کۆچکردن بەشێوەیەکی مرۆڤایەتى و شکۆمەندانە و سەلامەت بكات.