حەماس: تەنیا بە دروستکردنی دەوڵەتی فەڵەستین چەک دادەنێین

چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس

بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، بزووتنەوەکەیان تەنیا لە یەک حاڵەتدا ئامادەیە بۆ ئاگربەستێکی پێنج ساڵە یاخود زیاتر لەگەڵ دانانی چەک، ئەویش بە دروستکردنی دەوڵەتی فەڵەستینی سەربەخۆ.

خەلیل ئەلحەیە، بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی راگەیاندووە، حەماس دەیەوێت بچێتە بەرەی رزگاریخوازی فەڵەستینی کە بزووتنەوەی فەتح سەرکردایەتی دەکات، بۆ دروستکردنی حکومەتێکی یەکانگیر بۆ غەززە و کەناری رۆژئاوا.

ئەو بەرپرسە دەشڵێت، "حەماس رەزامەندە بە دروستکردنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی سەربەخۆ لە کەناری رۆژئاوا و کەرتی غەززە، لەگەڵ گەڕانەوەی ئاوارە فەڵەستینییەکان، ئەم هەنگاوانەش بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی لە سنوورەکانی 1967دا دەکەن، بۆیە ئەگەر ئەمە رووبدات ئەوا باڵی سەربازی بزووتنەوەکە هەڵدەوەشێتەوە".

بەرپرسە باڵاکەی حەماس نموونەی بۆ ئەو دۆخەش هێناوەتەوە دەڵێت، هەر بەرەیەک کە دژایەتی داگیرکەرانیان کردبێت و مافی خۆیان بەدەستهێنابێت، دواتر بوونەتە سوپای نیشتمانی.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لادانی چەک لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە بە گۆڕانێکی گەورە دادەنرێت لە کاتێکدا بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس حەماس چەندینجار بەڵێنی لەناوبردنی ئیسرائیلی داوە، هاوکات بەرپرسانی ئیسرائیل بە توندی لەدژی دروستکردنی دەوڵەتی فەڵەستینی دەوەستنەوە.

هاوکات سنووری 1967 دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بڕیارەی کە وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی لەنێوان فەڵەستین و ئیسرائیل، بەگوێرەی بڕیاری 242ی ئەنجوومەنی ئاسایش دانرا و بڕیارەکەش لە 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 1967 دەرچوو.