وەزارەتی پلاندانانى عێراق: ئەمساڵ سەرژمێریی گشتی بەڕێوەدەچێت

دیمەنێکی شەقامی موتەنەبی لە بەغداد. فۆتۆ: AP

وەزارەتى پلاندانانى عێراق جەخت لەوەدەکاتەوە مانگى تشرینى دووەمى ئەمساڵ سەرژمێریى گشتى لە عێراق بەڕێوەدەچێت، وەزیرى پلاندانانیش دەڵێت، ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانى پرۆسەکە بەردەوامن.

د. محەمەد عەلی تەمیم، وەزیرى پلاندانانى عێراق بە رۆژنامەى سەباحى راگەیاند، "تەنیا شەش مانگ ماوە بۆ ئەنجامدانى سەرژمێریى گشتى کە بڕیارە لە 20ـی تشرینى دووەمى داهاتوو بەڕێوەبچێت".

گوتیشى، "ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانى سەرژمێرییەکە بەردەوامن و رێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە کراوە بۆ ئامادەکردنی کادری پێشکەوتوو و مامۆستایان بۆ بەڕێوەبردنى پرۆسەکە".

بەگوتەى وەزیرى پلاندانان، مانگى ئایارى داهاتوو، سەرژمێریى و تاقیکردنەوەى ئەزموونى بۆ 120 هەزار کەس لەوەزارەتى پەروەردە ئەنجامدەدەن وەک ئامادەکارییەک بۆ بەڕێوەچوونى پرۆسەى سەرژمێرى.

وەزارەتى پلاندانان، مانگى تشرینى دووەمى 2024ـی دیاریکردووە بۆ ئەنجامدانى سەرژمێرى گشتى. لە ساڵى 1927 تاوەکو 1997، هەشت سەرژمێریى دانیشتووان لە عێراق ئەنجامدراوە.

پێشتر عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، رێككەوتن لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە كراوە بۆ تەرخانكردنی فەرمانبەری تایبەت بۆ ئەنجامدانی سەرژمێرییەكە و لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە مەشق و راهێنانیان پێدەكرێت.

روونیشیكردەوە "ئەنجامنەدانی سەرژمێری گشتی بۆتە هۆی نەزانینی رێژەی گەشەكردن لە وڵات، هەربۆیە وەزارەت هەوڵدەدات بۆ دابینكردنی سەرجەمی پێداویستییەكانی ئەنجامدانی".

عێراق لەساڵانی (1927، 1934، 1947، 1957، 1965، 1977و1987) سەرژمێری گشتی ئەنجامداوە و دواهەمین سەرژمێریش لەساڵی 1997 بوو كە بەبێ بەشداریكردنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدرا.

بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراقیش، ژمارەی دانیشتووانی عێراق، زیاترە 44 ملیۆن.