کۆمیسیۆن: بانگەشەی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەستپێدەکات

جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق.

بڕیارە رۆژی 10ی ئایار  بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێبکات، جومانە غەلای گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کەناڵ8ـی راگەیاند، هیچ بڕیارێک بۆ دواخستنی بانگەشەی هەڵبژاردن نییە و لەوادەی خۆیدا دەستپێدەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی نیسانی 2024، جومانە غەلای، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە کەناڵ8ـی راگەیاند، هەڵبژاردن دوا ناخرێت و کۆمیسیۆن خەریکى کارەکانى خۆیەتى و هەنگاوى زۆرى ناوە، ئامادەین بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە وادەى خۆیدا، بەرنامەکانى کۆمیسیۆن گۆڕانکارییان بەسەردا نایەت.

گوتیشی، هیچ پێنشنیارێک بۆ دواخستنى هەڵبژاردن لەبەردەم کۆمیسیارانى هەڵبژاردندا نییە.

لەبارەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنیشەوە، جومانە غەلای گوتی، بانگەشەى هەڵبژاردن لە وادەى دیاریکراوى خۆیدا دەستپێدەکات، لە ئەگەرى دواکەوتنیشیدا، هیچ کاریگەرییەک لەسەر بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن لە وادەى خۆیدا دروستنابێت.

گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، دۆسیەى زیاتر لە 800 کاندیدمان ئاڕاستەى ئەنجومەنى وەزیران کردووە تاوەکو لە رێگەی وەزارەتى ناوخۆوە ئەستۆپاکییان بۆ بکرێت.

باسیلەوەشکرد، کۆمیسیۆن نموونەى لاپەڕەکانى هەڵبژاردنى پەسەندکردووە کە چوار نموونە بوون، هەزار و 200 بنکەى دەنگدان لە هەرێمى کوردستان دادەنرێن و پلانى ئاسایشى ئەو بنکانەش لەلایەن لیژنەیەکى باڵاى ئەمنییەوە دادەنرێت.

لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووی کۆمیسیۆنیشیەوە، جومانە غەلای گوتی، هەنگاوى داهاتوو تۆمارکردنى چاودێریى هەڵبژاردنەکانى ناوەوە و دەرەوەى عێراق و نوێنەرى حزبە سیاسییەکان دەستپێدەکات.

بەگوێرەی خشتەی زەمەنیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، رۆژی 10ی مانگی ئایار بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەكات و لە بەرواری 6ـی حوزەیران کۆتاییدێت.