بەغداد داوای 905 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی لە هەرێمی کوردستان دەکات

دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى لە نووسراوێکدا داواى داهاتى مانگەکانى کانونى دووەم و شوباتى ئەمساڵ دەکات کە بەگوێرەی ئەو نووسراوەی دەست کەناڵ8 کەوتووە، بڕی ئەو پارەیەی داوای دەکات 905 ملیار و 246 ملیۆن و 194 هەزار و 259 دینارە.

هەر بە گوێرەی ئەو نووسراوەی وەزارەتی دارایی عێراق کە دەست کەنال8 کەوتووە، لەمانگى رابردوودا وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان بە نووسراوێک ئاشکرایکردووە، داهاتى نانەوتیی دوو مانگى سەرەتاى ئەمساڵ زیاتر بووە لە 905 ملیار دینار، ئێستا وەزارەتى دارایی عێراق داوای ئەو داهاتە دەکات بەگوێرەى بڕگەى دال لە بەندى دووەمى ماددەى 12 لە یاساى بودجەى فیدراڵى بە ژمارە 13 لەساڵى 2023، کە تێیدا حکومەتى هەرێمى کوردستانى پابەندکردووە بە رادەستکردنى داهاتەنانەوتییەکان بەگوێرەى وردبینییەکانى هەردوو دیوانى چاودێریى دارایی لە حکومەتى فیدراڵ و حکومەتى هەرێمى کوردستان.

داواکردنى ئەو بڕە پارەیە لەکاتێکدایە، وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان لیستى مووچەخۆرانى بۆ وەزارەتى دارایی عێراق ناردووە و چاوەڕوانى تەمویلى بودجەیە تاوەکو دەست بە دابەشکردنى مووچەى مانگى نیسان بکرێت کە ماوەى چوار رۆژە حکومەتى عێراق دەستى بە دابەشکردن کردووە.

بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8 تاوەکو ئێستا وەزارەتى دارایی عێراق فەرمانى تەمویلکردنەکەى نەکردووە و هیچ بڕە پارەیەکى نەخستووەتەسەر هەژمارى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان.