سۆران عومەر: گومانی گەندەڵی بە قەبارەی 20 ملیار دۆلار لە بەندەری فاو دەكرێت

سۆران عومەر، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق.

پەرلەمانى عێراق لیژنەیەکى لێکۆڵێنەوەى بە سەرۆکایەتى یاسر هاشم حوسێنى و 12 پەرلەمانتارى دیکە، لەبارەى گەندەڵییەکانى پرۆژەى بەندەرى فاو پێکهێناوە، ئەندامێکى ئەو لیژنەیەش بۆ کەناڵ8 دەڵێت، گومانی گەندەڵی بە قەبارەی 20 ملیار دۆلار لەو پڕۆژەیەدا دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ـی نیسانى 2024، سۆران عومەر، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق کە هاوت ئەندامى لیژنەى بەدواداچوونى "گەندەڵییەکانى بەنداوەکەیە" بە کەناڵ8ـی راگەیاند، "لیژنەیەک لەسەر گومانی گەورەترین گەندەڵی لە عێراق پێکهێنراوە، کە لە 13 پەرلەمانتار پێکهاتووە".

گوتیشى، دەستیان بەکارکردووە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەر کۆمپانیای گشتی بەندرەکانی عێراق، بەتایبەت گرێبەست و داهات و کارەکانیان لەبەندەری فاو، کە گومانی گەندەڵی بە قەبارەی 20 ملیار دۆلار دەکرێت.

سۆران عومەر ئاماژەى بەوەشکرد، لیژنەکەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆدەبێتەوە و دواتر ئەنجامی لێکۆڵێنەوەکانیان بە راپۆرتێک دەخەنە بەردەم پەرلەمان.

بەندەری گەورەى فاو، یەکێکە لە گەورەترین بەندەرەکانی کەنداوی عەرەبی، بە تەواوبوونى دەبێتە دەیەم گەورەترین بەندەر لەجیهاندا و لە نیسانی ساڵى 2010 بەردی بناغەی بەندەرەکە دانراوە و پڕۆژەکە لەسەر نیمچە دوورگەی فاو بە رووبەری 54 کیلۆمەتر چوارگۆشە دروست دەکرێت.

بە تەواوبوونى گەشەکردنێکى گەورە لە بوارى بازرگانى روو لە عێراق دەکات چونکە بەندەرەکە دەتوانێت رێژەی هەناردەکردنی نەوت بە رێژەی 20% زیاد بکات و بازرگانی دەریایی عێراق لە نێوان 20% بۆ 60% بەرزبکاتەوە.