سەركردەی 18 وڵات داوای دەستبەجێ ئازادكردنی بارمتەكانی لای حەماس دەكەن

وێنەى ژمارەیەک لە بارمتەگیراوەکانى ئیسرائیل بە دیوارێکدا لە تەلئەڤیڤ هەڵواستراون. فۆتۆ: AP

سەركردەكانی 18 وڵات لە نێویاندا ئەمریكا، فەڕەنسا، بەرتیانیا و ئەڵمانیا، داوا لە بزووتنەوەی حەماس دەكەن، دەستبەجێ سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەكان ئازاد بكات.

ئەو وڵاتانە لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا كە كۆشكی سپی بڵاویكردووەتەوە ئاماژەیان بەوەكردووە، چارەنووسی بارمتەكان و خەڵكی مەدەنی غەززە بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی پارێزراوە.

روونیشكراوەتەوە، داوا دەكەن دەستبەجێ سەرجەم بارمتەكان كە لەلای بزووتنەوەی حەماسن ئازاد بكرێن، كە زیاتر لە 200 رۆژە بارمتەن و هاوڵاتی ئەمریكییشیان تێدایە.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەو رێككەوتنەی پێشنیاز كراوە و لەسەر مێزی گفتوگۆیە بۆ ئازادكردنی بارمتەكان، رێگە دەدات دەستبەجێ ئاگربەست بۆ ماوەیەكی درێژ رابگەیەندرێت، هەروەها ئەو رێككەوتنە كارئاسانی دەكات بۆ گەیاندنی هاوكاریی مرۆیی زیاتر بۆ سەرجەم ناوچەكانی كەرتی غەززە، لەوانەشە ببێتە هۆی كۆتایی هاتنی راستەقینەی شەڕ.

پاش ئەوەی لە 7ـی تشرینی یەكەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشێكی كتوپڕی كردەسەر بەشێكی ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار كەس كوژران و زیاتر لە 200 كەسیش بە بارمتەگیران، بەشێك لە بارمتەكان بەرامبەر زیندانییە فەڵەستینییەكان ئاڵوگۆڕیان پێكرا و بەشێكیان لە بۆردوومانەكانی ئیسرائیلدا كوژران، تاوەكو ئێستاش بەشێك لە بامتەكان لەلای بزووتنەوەی حەماسن.

پاش هێرشەكە، ئیسرائیل هێرشەكانی بۆ سەر كەرتی غەززە دەستپێكرد و بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی غەززە، تاوەكو ئێستا زیاتر لە 34 هەزار كەس كوژراون و دەیان هەزار كەسی دیكەش برینداربوون كە زۆرینەیان ژن و منداڵن، بەشێكی زۆری كەرتەكەش زێرانبووە.