مەسعود بارزانى: بەبێ راستکردنەوەی هەڵەکەی دادگای فیدراڵی بەشداریی هەڵبژاردن ناكەین

كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی و پاتریاك مارئاوای سێیەم. فۆتۆ: بارەگای بارزانی

مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، جارێکى دیکەى هەڵوێستى حیزبەکەى لەسەر پرسى هەڵبژاردن دووپاتکردووەتەوە رایگەیاند، "بەبێ راستکردنەوەی هەڵەکەی دادگای فیدراڵی و بەبێ بەشداریی پێكهاتەكان، ئامادەنین بەشداریی هەڵبژاردن بكەین".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی نیسانی 2024، مەسعود بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازی لە قەداسەتی پاتریاك مارئاوای، سێیەم پاتریاكی كەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان و مەترانەكانی كۆمەڵەی پیرۆز كردووە.

بە گوێرەی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا پاتریاك مارئاوای سێیەم پێزانینی بۆ مەسعود بارزانی دەبڕیوە لە پاڵپشتیی پێكهاتە ئایینیەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و هەروەها سوپاسی كردووە بۆ كردنەوەی بارەگای سەرەکیی پاتریاك لە شاری هەولێر.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكردووە، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان رەخنەى لە بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى گرتووە و بە هەڵە ناویبردووە و گوتویەتى، "بەبێ راستکردنەوەی هەڵەکەی دادگای فیدراڵی و بەبێ بەشداریی پێكهاتەكان ئامادەنین بەشداریی هەڵبژاردن بكەین"، بەگوتەى بارزانى "بێبەشكردنی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردن لێدانە لە بەها مێژووییەكانی گەلى کورد".

رۆژی 21ى شوباتى 2024، دادگاى فیدراڵى عێراق هەموارى یاساى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستانی هەڵوەشاندەوە و 11 کورسیەکەى کۆتاکانى بەنادەستووریى دانا و سیستمى یەک بازنەى هەڵوەشاندەوە و بەگوێرەى بڕیارەکەى هەرێمى کوردستان بەسەر چوار بازنەى هەڵبژاردندا دابەشکرا.