سەرۆکی دادگای فیدراڵی: دەبێت پرۆسەی سیاسی لە پشکپشکێنە دووربخرێتەوە

جاسم محەمەد عەبدود، سەرۆکی دادگای فیدراڵیی عێراق.

سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رایگەیاند، دەبێت پرۆسەی سیاسی لە عێراق، لە تائیفەگەریی و پشک پشکێنە دووربخرێتەوە.

لە میانی بەشداریکردنیدا، لە دیداری یاسایی دەستووریی عێراقی، لە زانکۆی بەغداد جاسم محەمەد عەبوود، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی رایگەیاند، نابێت کەس ناچاربکرێت بە پەیوەندیکردن بە هەر پارت یاخود لایەنێکی سیاسییەوە، یاساکانی هەڵبژاردن بنەمای راستەقینەن و دەربڕی رۆحی دەستوورن.

عەبوود راشیگەیاند، سیستمی سیاسی عێراق لەسەر بنەمای فرەحیزبی دامەزراوە، ئەمەش قوڵایی دیموکراسییە و رێگایە بۆ گەیشتن بە سیستمێک، کە نوێنەری هەموو گەلی عێراق بێت.

سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە کۆتایی گوتارەکەیدا ئەوەی خستەڕوو، دەبێت یاسا سەروەربێت و گەل سەرچاوەی دەسەڵات بێت، هەر کەس و لایەنێک کە سەدەڵات دەگرێتە دەست، لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵی یاخود هەرێمی کوردستان، یاخود ئەوەی ئەو بە پارێزگا رێکنەخراوەکانی هەرێم ناویبرد، دەبێت نوێنەری راستەقینەی گەلی عێراق بن.