ساڵی رابردوو عێراق بە بەهای 357 ملیۆن دۆلار خۆراکی لە ئەمریکاوە هاوردەکردووە

بازاڕێكی وشكەفرۆش لە شاری سلێمانی. فۆتۆ: حەمەسوور - كەناڵ8

بەگوێرەی داتا و زانیارییەکی سیستمی جیهانی بۆ بازرگانيی کەرتی کشتوکاڵی، ئەمریکا لە ساڵی 2023دا، 10 جۆر خۆراکی هەناردەی عێراق کردووە لە سەروو هەموویانەوە برنج بووە.

بەگوێرەی ئەو داتایانە، بەهای هەناردەی کەلوپەلە خۆراکییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق لەساڵی رابردوودا گەیشتووەتە زیاتر لە 357 ملیۆن دۆلار، ماددەی خۆراکی برنج لە لوتکەی ئەو خۆراکانەدا بووە بە رێژەیەکی زۆر هەناردەی عێراق کراوە.

رێکخراوى سیستمی جیهانی بۆ بازرگانيی کەرتی کشتوکاڵی دەشڵێت، برنج بە بەهای 149 ملیۆن دۆلار و گەنم بە پلەی دووەم هاتووە، بە بەهای زیاتر لە 86 ملیۆن دۆلار و گۆشتی مریشک پلەی سێیەمی گرتووە، بە بەهای 35 ملیۆن دۆلار هەناردەی عێراق کراوە.

وەکو لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە، لە پلەی چوارەم فولی سۆیا بە بەهای زیاتر لە 26 ملیۆن دۆلار و گوێز لە پلەی پێنجەم و بە بەهای 17 ملیۆن دۆلار و گەنمەشامی بە بەهای 13 ملیۆن دۆلار و بەهارات بە بەهای 12 ملیۆن دۆلار لە ئەمریکاوە هەناردەی عێراق کراوە.