عێراق باجى سەر هێلکەى هاوردەى 70% زیادکرد

چەند تەبەقێك هێلكە، لە كارگەی هێلكەی شارەزوور. فۆتۆ: حەمەسوور - كەناڵ8

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاریدا بە دانانی باجی گومرگی لەسەر هاوردەکردنی هێلکە بەرێژەی 50%، بەوەش بڕى باج دەگاتە 70% کە پێشتر 20% دانرابوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، بڕیاریداوە بە پابەندکردنی بەرهەمهێنەران بە دانانی ستیکەر (لێبڵ)ی ستاندارد لەسەر بەرهەمەکانی هێلکە، هاوکات هەموو بەرهەمهێنەرانی هێلکەی پابەندکردووە لە ماوەی سێ مانگدا، ئەو بڕیارە جێبەجێ بکەن.

هەر بە گوێرەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە نێوان پارێزگاکاندا رێگری لە گواستنەوەی ئەو هێلکانە دەکرێت کە رێکكەوتی بەرهەمهێنان و بەسەرچوونیان لەسەر نەنوسراوە.

ئەو بڕیارانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 2ـی ئایاری 2024ـەوە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، هەردوو وەزارەتی بازرگانیی و کشتوکاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی راسپاردووە بەدواداچوونی بەردەوام بکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان، مانگانەش راپۆرتی خۆیان لەو بارەیەوە پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزارەتی ئابووری بکەن.