کونسوڵی هۆڵەندا لە هەولێر: مافی پەنابەریی نادەینە خەڵکی هەرێمی کوردستان

دەڵێت خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەرفەتی ئەوەیان نابێت مافی پەنابەرێتی لە هۆڵەندا وەربگرن

کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر دەڵێت: " خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەرفەتی ئەوەیان نابێت مافی پەنابەرێتی لە هۆڵەندا وەربگرن".

یاکۆ بیرێندز کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "وەکو نوێنەرایەتیی دپلۆماسیی هۆڵەندا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەن لە هەرێمی کوردستان".

لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تارگێتی کەناڵ8، یاکۆ بێرێندز، کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر گوتی: "هەڵبژاردن گرنگە بۆئەوەی هەرێمی کوردستان شەرعییەت بەدەستبهێنێتەوە".

دەشڵێت: "دەمانەوێت هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بە بەشداریی هەموو لایەنەکان بەڕێوەبچێت".

راشیگەیاند "بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێویستە لایەنە سیاسییەکان سازش بکەن، نابێت لایەنە سیاسییەکان تەنیا خۆیان بە ئەجێندای سیاسیی تایبەتەوە ببەستنەوە.

کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا گوتیشی: "هەرێمی کوردستان کێشەی ئەوەی هەیە کە دەسەڵاتێکی شەرعی نوێکراوەی نییە و وڵاتانی ناوچەکەش سوود لەوە وەردەگرن کە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان یەکگرتوو نین".

بەگوتەی بێرێندز، دژایەتیکردنی بەردەوامی یەکدی، خزمەت بە دۆزی کورد و وێنە گەورەکەی پرسی کورد ناکات.

لەبارەی کشانەوەی هێزی بیانی لە عێراق، ناوبراو رایگەیاند "پرسی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لەسەر مێزی گفتوگۆیە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هێشتا ئەرکی گەورەی لە عێراقدا ماوە"..

لەبارەی هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگەش، کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا گوتی: "پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە زۆر سست بەڕێوەدەچن".

هێمای بۆ ئەوە کرد، کێشەی نێوان لایەنە سیاسییەکان، هۆکاری سستیی هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە، ئەو پێیوایە، یەکگرتنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگە لە دۆخێکی وەکو ئێستادا قورسە.

لەبارەی گەشتی هاوڵاتیی عێراقیشەوە بۆ هۆڵەندا گوتی: "ڤیزای گەشتیاریی نادەین بە خەڵکی هەرێمی کوردستان، خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەرفەتی ئەوەیان نابێت مافی پەنابەرێتی لە هۆڵەندا وەربگرن".

گوتی: "ئایندەی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان لە وڵاتی خۆیاندایە".

پەیوەست بە پەیوەندیی ئابووریی نێوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەنداش، کونسوڵی هۆڵەندا ئاشکرایکرد، ساڵی رابردوو داهاتی کەرتی کشتوکاڵ لە هۆڵەندا 50 ملیار یۆرۆ بووە، دەمانەوێت ئەزموونی خۆمان لە کەرتی کشتوکاڵدا بۆ هەرێمی کوردستان بگوازینەوە، وەکخۆی دەڵێت: "نەوت ناخورێت، بۆیە پێویستە گرنگی بە پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ بدەن".