دۆناڵد ترەمپ ئیدانەى خۆپیشاندانى خوێندکاران بۆ پشتیوانى لە فەڵەستین دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى پێشووى ئەمریکا لەکاتى دادگاییکردن لە دادگاى مانهاتن. فۆتۆ: AFP

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى پێشووى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و بەربژێرى کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەى ئەمساڵ، رایگەیاند، خۆپیشاندانى خوێندکارى زانکۆکان بۆ پشتیوانى لە فەڵەستین، رق و کینەى پێوەدیارە.

دۆناڵد ترەمپ، دوای هاتنە دەرەوەى لەهۆڵى دادگاى مانهاتن، کە لەسەر دۆسیەى ساختەکارى دادگایی دەکرێت، بۆ رۆژنامەوانان رایگەیاند، لە زۆرێک لە زانکۆکان خوێندکار دەستی بەخۆپیشاندان کردووە.

ترەمپ راشیگەیاند، ئەو خۆپیشاندانانە، خراپترین خۆپیشاندانن لەو کاتەوەی رێپێوانى راستڕەوە تووندڕەوەکان لە شارلۆتسڤیل لە ساڵى 2017 بەڕێوەچوو.

لەساڵى 2017، ژمارەیەک لە سپى پێستە "دەمارگیرەکان"، لە شارى شارلۆتسڤیل لە ویلایەتى ڤێرجینیا، رێپێوانێکیان ئەنجامدا، دوایئەوەی گرژیى لێکەوتەوە، ژنێک کوژرا و 19 کەسى دیکە برینداربوون.

بەهۆى ئەو خۆپیشاندانانەى کە چەند رۆژێکە زۆرێک لە زانکۆکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاى گرتووەتەوە، هێزە ئەمنییەکان سەدان خوێندکاریان دەستگیرکردووە.

خوێندکارەکان بۆ پشتیوانیی لە دۆزی فەڵەستین و غەززە دێنە دەرەوە و داوا دەکەن هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بووەستێنرێت.