پەرلەمانی ئەوروپا چەند بڕیارێک دژی ئێران دەردەکات

كۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەوروپا. فۆتۆ: AFP

پەرلەمانی ئەوروپا بڕیارێکی دژی ئێران پەسەندکرد و تێیدا داوا لەهەموولایەک دەکات سزای زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنێت و سوپای پاسدارانیش وەک "تیرۆریست" بناسێنن.

لە کۆبوونەوەی دوێنێ پێنجشەممەی پەرلەمانی ئەوروپادا، بڕیاری دژ بە هێرشی ئێران بۆسەر ئیسرائیل خرایە دەنگدانەوە و بە دەنگی 357 پەرلەمانتار لە کۆی 435 پەرلەمانتاری بەشداربوو، بڕیارەکە پەسەندکرا. 20 پەرلەمانتار دژی بوون و 58یش بێلایەن بوون.

لە بڕیارەکەیدا، یەکێتیی ئەوروپا داوای پێداچوونە بە ستراتیجی خۆی بەرامبەر تاران دەکات، داواش دەکات گەمارۆی زیاتر بخاتەسەر ئێران و سوپای پاسداران وەکو "گرووپێکی تیرۆریستی" بناسێنێت.

13ـی نیسانی 2024، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە زیاتر لە 300 درۆن و مووشەک هێرشیکردەسەر ئیسرائیل، هێرشەکە زیانی گیانی نەبوو و تەنیا منداڵێک بریندار بوو. بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاند، 99%ی مووشەک و درۆنەکان لە ئاسماندا تەقێندراونەتەوە.