لێبوردنی نێودەوڵەتی: 13 کەس بەنهێنی لە عێراق لەسێدارەدراون

زیندانیی عێراقی فۆتۆ: AFP
دیمەنی یەکێک لە گرتووخانەکانی عێراق. فۆتۆ: AFP

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاشکرایکرد، 22ـی ئەم مانگە 13 کەس لەعێراق لەسێدارەدراون و نیگەرانى خۆشى لە رەوشى لە سێدارەدانەکەیان نیشاندا.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا نیگەرانیى خۆی سەبارەت بە لەسێدارەدانی 13 کەس بە تاوانی تیرۆر، لە رۆژی 22ی ئەم مانگەدا نیشانداوە و بۆچوونی وایە کەیسی لەسێدارەدراوەکان ناڕوونیی پێوەدیارە.

لێبوردنی نێودەوڵەتی باسیلەوەشکردووە، ئەو کەسانە بە نهێنی لە گرتووخانەی ناسریە کە بە زیندانی حوت ناسراوە، لەسێدارەدراون.

بە گوێرەی دۆسیەی لەسێدارەدراوەکان، 11کەسیان بە تاوانی ئەندامبوون لە رێکخراوی داعش تاوانبار بوون و لە ساڵی و 2018 لە زینداندا هێڵراونەتەوە.

چالاکوانان و پارێزەرانی کەسوکاری ئەو کەسانەی لە سێدارەدراون، بە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییان راگەیاندووە، دەسەڵاتداران پێش لە سێدارەدانیان، کەسوکارەکانیان ئاگادارنەکردووەتەوە.

لە دواى 25ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2023ـەوە کە 13 کەس لەسێدارەدران، ئەوە یەکەم پرۆسەی لە سێدارەدانی بە کۆمەڵە کە لەلایەن وەزارەتی دادی عێراقەوە جێبەجێدەکرێت.