دوایین زانیاری لەبارەى رووداوە سەختەکەى رێگەى سلێمانى- دووکان

لەسەر رێگەى دووکان - سلێمانى بارهەڵگرێک خۆی بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلدا کێشا و بەڕێوەبەری فریاکەوتنی سلێمانی دەڵێت، 15 کەس برینداربوون.

بەڕێوەبەری ھاتوچۆی دووکان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، "لەسەر رێگەى دووکان - سلێمانى ئۆتۆمبێلێکى بارهەڵگر کۆنترۆڵى لەدەستدا و خۆى بە 15 ئۆتۆمبێلدا کێشاوە و ژمارەیەکى زۆر بریندار هەن".

ئومێد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ھاتوچۆی دووکان بۆ کەناڵ8 رایگەیاند : 15 بریندار گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی دووکان. باری تەندروستیی بریندارەکان جێگیرەم تەنیا 2 بریندار نەبێت رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراون، رووداوەکەش لەنێوان 17 ئۆتۆمبێلدا بووە.

لەبارەى دۆخى تەندروستیی بریندارەکان، قایمقامى دووکان بە کەناڵ8ـی گوت، "بریندارەکان گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و رەوشیان جێگیرە".

سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی سلێمانی بە کەناڵ8ـی راگەیاند، "بەهۆی رووداوەکەوە 15 کەس برینداربوون و تەندروستییان جێگیرە، تەنیا چەند بریندارێکی کەم دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی".

هاوکات بەهمەن عەبدوڵا، رائیدی هاتوچۆ بە کەناڵ8ـی گوت، "زیانێکی زۆر بەر ئۆتۆمبێلەکان کەوتووە، بەڵام خۆشبەختانە کەس گیانیلەدەستنەداوە".

گوتیشى، "رووداوەکە لە ئەنجامی لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر بووە کە جۆری فلات بووە، کۆنتێنەری لەسەر بووە و لە سلێمانیەوە بە ئاڕاستەی دووکان رۆشتووە، پێش بازگەکە کۆنترۆڵ لەدەستدەدات و خۆی دەکێشێت بە دوو ئۆتۆمبێلدا پاشان بە ئاڕاستەی بازگەکە دەڕوات و لەناو بازگەکە خۆی دەکێشێت بە 13 ئۆتۆمبێلی دیکەدا".