ژمارەی کوژراوانی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر بۆ چوار کەس بەرز بووەوە

ساتی هێرشەکە فۆتۆ: تایبەت بە کەناڵ8

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 26ی نیسان کاتژمێر 6:50 خولەکی سەر لەئێوارە، لە رێگەی 2 درۆنەوە کە سەرچاوەی هەڵدانیان دیار نییە، هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر, چوار کەس کوژراون و چوار کەسی دیکەش بریندارن، رەگەزنامەی کوژراوەکان یەمەنین.

پەیامنێری کەناڵ8 رایگەیاند "بەهۆی هێرشەکەوە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە وەستاوە و ئەمە دووەمجارە هێرشدەکرێتە سەر ئەو کێڵگەیە".

بەگوێرەی پەیامنێری کەناڵ8، هێرشەکە کۆگایەیەکی عەمباری غازی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە ئاگر دروستبووە، لەئێستادا هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکە دەدرێت، پەیامنێری کەناڵ8 گوتی: "بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە راگیراوە و هێشتا دیار نییە کەی دەستپێدەکاتەوە".

پەیامنێری کەناڵ8 دەشڵێت "هێرشەکە هەمان شوێنی هێرشی پێشووی کردووەتە ئامانج".

لەبارەی هێرشەکەوە، رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بۆ کەناڵ هەشت رایگەیاند "لەئێستادا تیمەکانی فریاگوزاری سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە چۆنێتیی رووداوەکە".