ئاگادارییەک لە هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانەوە

لۆگۆی هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان

هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان ئاگاداری هاوبەشانی كارەبا دەکەنەوە بەهۆی هێرشی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆرەوە 2500 مێگاوات کارەبا کەمیکردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی هەردوو وەزارەتەکە، بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر، ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەمبووەتەوە.
ستافی هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لەگەڵ لایەنە هاوبەشەکانیان لە هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و دووبارە دەستپێکردنەوەی ناردنی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا.
هەر لەبارەی هێرشەکەوە، ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ کەناڵ8 رایگەیاند "70%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان لە رێگەی کێڵگەی کۆرمۆرەوە دابیندەکرێت و ئێستا بەرهەمهێنان لە کێڵگەکەدا راگیراوە".
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 26ی نیسان کاتژمێر 6:50 خولەکی سەر لەئێوارە، لە رێگەی 2 درۆنەوە کە سەرچاوەی هەڵدانیان دیار نییە، هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.
پەیامنێری کەناڵ8 رایگەیاند "بەهۆی هێرشەکەوە 4 کەس بریندارن کە دووانیان کوردن".
بەگوێرەی پەیامنێری کەناڵ8، هێرشەکە کۆگایەیەکی عەمباری غازی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە ئاگر دروستبووە، لەئێستادا هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکە دەدرێت ".
پەیامنێری کەناڵ8 دەشڵێت "هێرشەکە هەمان شوێنی هێرشی پێشووی کردووەتە ئامانج".
لەبارەی هێرشەکەوە، رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بۆ کەناڵ هەشت رایگەیاند "لەئێستادا تیمەکانی فریاگوزاری سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە چۆنێتیی رووداوەکە".