هێزی کۆماندۆ بۆ پاراستنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر جووڵەی پێکرا

لۆگۆی کۆماندۆ

پەیامنێری کەناڵ8 لەزاری سەرچاوەیەکی باڵاوە رایگەیاند، فەرماندەیی هێزەکانی حەفتای سەربە وەزارەتی پێشمەرگە، هێزەکانی کۆماندۆی کوردستانی راسپاردووە بۆ لێکۆڵینەوە و بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی دیکەی چاوەڕوانکراو بۆسەر وێستەگەکە و دەوروبەری.

ئاماژەیبەوەشکرد، لە هێرشەکەدا سێ هاوڵاتیی یەمەنی گیانیانلەدەستداوە و شەش کەسی دیکەش برینداربوون کە  یەکێک لە بریندارەکان دۆخی ناجێگیرە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەبەرئەوەی هێشتا دۆخی ناو  وێستگەکە ئاسایی نەبووەتەوە، بە تەواوی و بە وردی نازانرێت ئایا کەسی دیکە لە هێرشەکەدا بەرکەوتووە، یاخود نا.

سەرلەئێوارەی رۆژی هەینی 26ی نیسانی 2024، بە درۆن هێرشکرایەسەر کێڵگەکەی کۆمۆر و بەهۆى هێرشەکەوە ئاگر لەناو کێڵگەکە کەوتەوە.

ئەمە دووەمجارە لەماوەی ئەمساڵدا هێرش بۆ سەر کێڵگەی غازى کۆرمۆر ئەنجامبدرێت.

رۆژی 25ى کانوونى دووەمى 2024یش بەهەمانشێوە، هێرشکرایە سەر کێڵگەى کۆرمۆر لە سنوورى شارۆچکەى چەمچەماڵ، کە هێرشەکە تانکیى ئێن جى ئێڵى کێڵگەکەى کردبووە ئامانج.