حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکات

کێڵگەی کۆرمۆر

لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لیژنەیەکی هاوبەشی ئەمنیی عێراق و هەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکات.

پەیامنێری کەناڵ8 لەزاری سەرچاوەیەکی تایبەتەوە زانیوێتی "محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراقی راسپاردووە، هەماهەنگیی لەگەڵ هێزەکانی 70ی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە بکرێت بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەو هێرشانەی دەکرێنەسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر".

سەرلەئێوارەی رۆژی هەینی 26ی نیسانی 2024، بە درۆن هێرشکرایەسەر کێڵگەکەی کۆمۆر و بەهۆى هێرشەکەوە ئاگر لەناو کێڵگەکە کەوتەوە.

ئەمە دووەمجارە لەماوەی ئەمساڵدا هێرش بۆ سەر کێڵگەی غازى کۆرمۆر ئەنجامبدرێت.

رۆژی 25ى کانوونى دووەمى 2024یش بەهەمانشێوە، هێرشکرایە سەر کێڵگەى کۆرمۆر لە سنوورى شارۆچکەى چەمچەماڵ، کە هێرشەکە تانکى ئێن جى ئێڵى کێڵگەکەى کردبووە ئامانج.