قوباد تاڵەبانی داوای لێکۆڵینەوە لەهێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکات

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمى کوردستان.

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، رێکاری جددی بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشی سەر کێڵگەی کۆرمۆر.

لە پەیامێکیدا قوباد تاڵەبانی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نووسیوێتی "بە توندی ئەو هێرشە درۆنییەی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر ئیدانە دەکەم و خەمبار بووم بەگیانلەدەستدان و برینداربوونی چەند کارمەندێک لەئاکامی هێرشەکەدا".

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، داوا لە حکومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی ورد دەستپێبکەن و رێکاری جددی بگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە کەتیایدا هاوڵاتیی مەدەنی دەبێتە قوربانی و خەڵکی کوردستان بەگشتی زیانمەندی سەرەکی دەبن.

سەرلەئێوارەی رۆژی هەینی 26ی نیسانی 2024، بە درۆن هێرشکرایەسەر کێڵگەکەی کۆمۆر و بەهۆى هێرشەکەوە ئاگر لەناو کێڵگەکە کەوتەوە.

ئەمە دووەمجارە لەماوەی ئەمساڵدا هێرش بۆ سەر کێڵگەی غازى کۆرمۆر ئەنجامبدرێت.

رۆژی 25ى کانوونى دووەمى 2024یش بەهەمانشێوە، هێرشکرایە سەر کێڵگەى کۆرمۆر لە سنوورى شارۆچکەى چەمچەماڵ، کە هێرشەکە تانکى ئێن جى ئێڵى کێڵگەکەى کردبووە ئامانج.