باڵیۆزی ئەمریكا لەبارەی هێرشەكەی كۆرمۆر: پاڵپشتی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەین

ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق. فۆتۆ: AP

باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە عێراق، سەركۆنەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر لە هەرێمی كوردستان دەكات و داواش دەكات، لێكۆڵینەوەی تەواو لە هێرشەكە بكرێت.

ئەلینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردووەتەوە، بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرشە دەكەن كە ژێرخانی وزەی هەرێمی كوردستانی عێراقی كردە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشكردووە، "دەزانین كە ژمارەیەك كرێكار لە شوێنی هێرشەكەدا كوژران و برینداربوون، هانی دەسەڵاتدارانی عێراق دەدەین لێكۆڵینەوەی تەواو بكەن و ئەوانەی لەو كارە بەرپرسیارن رووبەڕووی دادگا بكرێنەوە".

باڵیۆزی ئەمریكا باسی لەوەشكردووە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەگەڵ حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان كاردەكات بۆ پاڵپشتی كردنی ئاسایشی عێراق و  سەقامگیری و سەروەریی خاكەكەی.