ئەمریكا: داوای لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی كوردستان دەكەین

ساتی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەركۆنەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر دەكات و رایگەیاند: "بەتوندی سەركۆنەی بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزە لە هەرێمی كوردستان دەكەین".

ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە زاری ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتەكەوە بڵاویكردووەتەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشەكە دەكات كە كرایەسەر ژێرخانی وزە لە هەرێمی كوردستان.

روونیشكراوەتەوە، سەرەخۆشی لە خانەوادەی كوژراوەكان دەكەن و هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازن، ئەو جۆرە هێرشانە سوكایەتییە بۆ سەروەریی خاكی عێراق.

گوتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكردووە، هانی دەسەڵاتدارانی عێراق دەدەن لێكۆڵینەوە بكات و بەرپرسانی ئەو هێرشە رووبەڕووی دادگای بكاتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئەمریكا بەردەوام دەبێت لەگەڵ حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاڵپشتیكردنی ئاسایشی عێراق و سەقامگیری و سەروەریی وڵات.

شەوی رابردوو لە رێگەی دوو درۆنەوە هێرشكرایەسەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر لە هەرێمی كوردستان و بەهۆیەوە چوار كەس كوژران و چەند كەسێكی دیكەش برینداربوون، هێرشەكە كاردانەوەی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان و عێراقی بەدوای خۆیدا هێنا.