بزووتنەوەی حەماس: وەڵامی پێشنیازی ئیسرائیل بۆ ئاگربەست دەدەینەوە

دیمەنى خانوو و تەلارە وێرانبووەکانى کەرتى غەززە، بەهۆى بۆردوومانەکانى ئیسرائیلەوە. فۆتۆ: AP

بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، هەڵسەنگاندن بۆ پێشنیازی ئیسرائیل بۆ راگەیاندنی ئاگربەست دەکەن و بەمنزیکانە وەڵام دەدەنەوە.

خەلیل حەیە، جێگری سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە رایگەیاند، رۆژی هەینی وەڵامی ئیسرائیلیان بۆ ئەو پێشنیازە بەدەستگەیشتووەتەوە کە ناوەڕاستی ئەم مانگە ئاڕاستەی حکومەتی ئیسرائیلیان کردووە.

بەرپرسەکەی حەماس باسی لەوەشکردووە، هەڵسەگاندن بۆ وەڵام و پێشنیازەکەی ئیسرائیل دەکەن و دوای تەواوبوونی هەڵسەنگاندنەکانیش، بە فەرمی وەڵام دەدەنەوە.

رۆژی 13ـی ئەم مانگە لە نوێترین هەوڵدا بزووتنەوەی حەماس پێشنیازێکی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە رادەستی نێوەندگیرە میسری و قەتەرییەکان کرد، تاوەکو بیگەیەننە دەست حکومەتی ئیسرائیل.