وەزیری دەرەوەی تورکیا چەند باڵیۆزێکی نوێی وڵاتەکەی لە وڵاتان دەستنیشانکرد و باڵیۆزێکی نوێشی بۆ عێراق دیاریکرد.
ئاژانسی ئەنادۆڵ بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بڵاویکردەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گۆڕانکاری لە پۆستی چەند باڵیۆز و بەرپرسێکی وەزارەتەکەیدا کردووە.
بەگوێرەی بڕیارەکان کە لەلایەن هاکان فیدانەوە دەرکراوە، ئانڵ بۆرا ئینان، لە جێگای عەلی رەزا گوینەی، وەکو باڵیۆزی نوێی تورکیا لە بەغداد دەستنیشانکراوە و بەمزوانە دەستبەکاردەبێت.
ئانڵ بۆرا ئینان، یاریدەدەری بەڕێوەبەری کاروباری پەیوەندییەکانە لەگەڵ عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و یەکێکە لە نووسەرە دیارەکانی بواری کاروباری عێراق، پێشتریش لە ساڵانی 2015 تاوەکو 2019 کونسوڵی تورکیا بووە لە شاری ڤانکۆڤەری کەنەدا.