پەیمانگەیەکی ئەمریکی: ساڵی 2050 ژمارەی دانیشتووانی عێراق دەگاتە 80 ملیۆن کەس

دیمەنێکی شەقامی موتەنەبی لە بەغداد. فۆتۆ: AP

پەیمانگەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئاشتی ئاشکرایکرد، ژمارەی دانیشتووانی عێراق بۆ ساڵی 2050 دەگاتە 80 ملیۆن کەس.

پەیمانگاکە لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، عێراقییەکان بە بنەماکانی دیموکراسی رازیبوون، سەرباری ئەوەی لەسەر ئاستی دامەزراوەیی لە پاشەکشەدایە، بەڵام چینی گەنجانی وڵاتەکە نوێنەرایەتی بەو وزە نوێیەی ناو کۆمەڵگەی عێراقی دەکەن.

راپۆرتی پەیمانگای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئاشتی بۆچوونی وایە، بەهۆی ئەو بڕە یەدەگە نەوتییە زۆرەی کە عێراق هەیەتی، زەمینەسازییەی گەورەی بۆ رەخساندووە بۆ ئەوەی هاوکار و پشتیوان بێت بۆ بەرقەرارکردنی وزەی جیهانی، بەو پێیەی سێیەم گەورەترین وڵاتە لە بەرهەمهێنانی نەوت لە ناو رێکخراوی ئۆپیکدا.

لە لایەکی دیکەوە راپۆرتی پەیمانگاکە ئاماژەی بەوە کردووە، سەرباری بوونی سەرچاوەیەکی وزە و پێگەی ستراتیژی، بەڵام بەهۆی کاریگەرییەکانی کەشوهەواوە، یەکێک لەو پێنج وڵاتەی جیهان کە زیانی ئەو کاریگەرییەی بەرکەوتووە، ئەوەش بووەتە مەترسی لەسەر ئاسایشی ئاوی زیاتر لە 43 ملیۆن عێراقی، لە کاتێکدا چاوەڕواندەکرێت تاوەکو ساڵی 2050 ژمارەی دانیشتووانەکەی بەرزبێتەوە بۆ 80 ملیۆن کەس.

راپۆرتەکە روونیکردووەتەوە، بەهاوکاریی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، حکومەتی عێراق دەستی بە کارکردووە بەمەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و خۆگونجاندن لەگەڵ رەوشەکەدا، بەڵام هێشتا پێویستی بە تەکنەلۆجیا و پسپۆڕیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.

لە کۆتایی راپۆرکەدا رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، عێراق خواستی هەیە ببێتە لایەنێکی کاریگەری کەرتی غازی سروشتی، بۆیە ئەمریکاش بەو رۆڵە بە هەند وەردەگرێت، کە عێراق چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر ئاسایشی وزەی هەرێمایەتی لە ناوچەکە.

بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دیاریکراوە، بۆ ئەوە سەرژمێری گشتی لە سەرانسەری عێراق بەڕێوە بچێت، بۆ ئەو مەبەستەش حکومەتی عێراق سەرقاڵی دوا ئامادەکارییەکانی پرۆسەکەیە.