هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت کۆدەبێتەوە

کۆبوونەوەى هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت

بڕیارە ئەمڕۆ هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت کۆببێتەوە و پرسى هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران و هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تاوتوێ بکات، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستانیش بەشداریى کۆبوونەوەکە دەکات.

پەیامنێرى کەناڵ8 لە بەغداد رایگەیاند، بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە دوایین پێشهاتە سیاسییەکانى وڵات، بڕیارە ئەمڕۆ چواچێوەى هەماهەنگیى شیعەکان بە ئامادەبوونى محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببێتەوە و دواتریش هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بە بەشداریى لایەنە پێکهێنەرەکانى حکومەت کۆدەبێتەوە.

بەگوێرەى زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەشداردەبێت و پرسى یەکلاکردنەوەى پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران و هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانیش دوو تەوەرى کۆبوونەوەکە دەبن.

دڵشاد شەهاب، گوتەبێژى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان رۆژى 24ـی ئەم مانگە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا لە هەولێر رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغداد دەکات و بەشداریى کۆبوونەوەى هاوپەیمانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت دەکات.