بریندارێکی رووبەڕووبوونەوەکەی نێوان پۆلیس و دوو تۆمەتبارەکەی گەڕەکێکی سلێمانی گیانیلەدەستدا

شاری سلێمانی فۆتۆ: حەمەسوور کەناڵ8

رۆژی 25ـی ئەم مانگە لە گەڕەکێکی سلێمانی رووبەڕووبوونەوە لەنێوان پۆلیس و دوو تۆمەتباردا روویدا و دوو تۆمەتبار و دوو پۆلیس برینداربوون، ئەمڕۆ یەکێک لە بریندارەکان گیانیلەدەستدا.

سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە کەناڵ8ـی راگەیاند، یەکێک لە بریندارەکانی رووبەڕووبوونەوەکەی نێوان پۆلیس و دوو تۆمەتبارەکەی گەڕەکی سلێمانی نوێ گیانیلەدەستدا و تەرمەکەی براوەتە پزیشکی دادی سلێمانی.

رۆژی پێنجشەممە 25ـی نیسانی 2024، شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان دوو تۆمەتبار و پۆلیس لە سلێمانی روویدا.

دوای رووداوەکە، سامان شێخ لەتیف، گوتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە کەناڵ8ـی راگەیاند "لە رووداوی تەقەکردنەکەدا چوار بریندار گەیەنراوەتە نەخۆشخانە، باری تەندروستی دوانیان ناجێگیرە". 

هەر ئەو کاتە، پەیامنێری كەناڵ8 لە شوێنی رووداوەكە رایگەیاند، "چەند تۆمەتبارێك لێرە هەبوون و فەرمانی دەستگیركردنیان هەبووە مەفرەزەیەكی پۆلیس هاتوونەتە گەڕەكەكە بۆ ئەوەی دەستگیرییان بكەن".

شایەتحاڵێكی رووداوەكەش بە كەناڵ8ی راگەیاندبوو "ماوەی دوو ساڵە ئەو خێزانە لەم گەڕەكە نیشتەجێن و كرێچین و چەند وەختە كێشەیان هەیە و ئیزن دراوون و ئەگەر پێشتر كێشەكانیان چارەسەر بكرایە ئەمەی ئەمڕۆ رووینەدەدا".