کەناڵ8 زانیاری نوێ لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات

لەدواى گەڕانەوەى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە واشنتن، پرسى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان گۆڕانکاریى بەسەر هاتووە و ئەمجارە بەغداد وەکو رابردوو پێداگر نییە لەسەر مەرجەکانى و تورکیاش 180 پلە داواکانى گۆڕیوە.

بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، وەزارەتى نەوتى عێراق، کە پێشتر داواى هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستى کۆمپانیا نەوتییەکانى لەجۆرى هاوبەشیی، لەگەڵ هەرێمى کوردستان دەکرد، ئێستا داوادەکات، کۆمپانیاکان گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بکەن و لەشێوەى خزمەت بێت.

کەناڵ8 ئەوەشى زانیوە، ⁠هەرێمی کوردستان رازییە نەوتەکەی لەڕێگاى کۆمپانیاى سۆمۆوە بەبازاڕ بکرێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەک رازی نییە گرێبەستەکانی هەڵبوەشێنرێتەوە و گرێبەستی نوێ بکرێت.

لە سەرەتاى ئەمساڵدا هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق، لەسەر زۆرینەى کێشەکانى پرسی تێچوو و شایستەى کۆمپانیا نەوتییەکان و نرخی هەناردکردنی نەوت رێککەوتن، بەڵام دواى گەڕانەوەى سودانى لە واشنتن، تەواوى رێککەوتنە سەرەتاییەکان هەڵوەشاوەتەوە و کەناڵ8 زانیویەتی، سەرلەنوێ دۆسییەکە دەخرێتە سەر مێزی گفتوگۆى هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغداد و گۆڕانکاریى لە داواکارییەکانى عێراق روویداوە بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان.

⁠هەر بەغداد نییە گۆڕانکاریی لە داواکارییەکانى روویدابێت، بەڵکو لایەنى سێیەمى کێشەکەش کە تورکیایە، گۆڕانکاریی لە داواکارییەکانى روویداوە و ئێستا تورکیا داوا لە حکومەتى عێراق دەکات، دەستبکەن بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمى کوردستان و بەپێچەوانەوە سکاڵا تۆماردەکەن لە دادگاى نێودەوڵەتی، چونکە ئەو بەشە بۆریەی لەخاکی تورکیایە، پێویستى بە خزمەتگوزاریى و پاراستنە لە رووى ئەمنییەوە و تێچووى لەسەر حکومەتى ئەنقەرە زیادکردووە.

بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، ⁠لەپاش راگرتنی هەناردەی نەوتى هەرێمى کوردستان، حکومەتی هەرێم لە چەند کێڵگەیەکەوە زیاتر لە سەد هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە بەرهەمدەهێنێت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ و فڕۆشتنی بەشەکەی تر لەپێناو خەرجی هەندێک بابەتی وەک کارەبا.

ساڵێک و مانگێکە لەسەر سکاڵاى حکومەتى عێراق لەسەر حکومەتى تورکیا، هەناردەی نەوتی هەرێمى کوردستان راگیراوە.