نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبوسى كۆبووه‌وه‌

نێچیرڤان بارزانی و محەمەد حەلبوسی فۆتۆ: سایتی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان

هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پارتی تەقەدوم کۆبوونەوە و پرسی دەستنیشانکردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێکراون.

شه‌وی شه‌ممه‌ 2024/4/27 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غداد له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د ئه‌لحه‌لبوسى، سه‌رۆكى پارتى ته‌قەدومى عێراقى كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسيى عێراق، هه‌وڵه‌كان بۆ ده‌ستنيشانكردن و هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غداد و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، تاوتوێكران و بیروڕایان له‌باره‌یانه‌وه‌، گۆڕییه‌وه‌.

بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و لێكه‌وته‌كانى به‌سه‌ر عێراقه‌وه‌، له‌گه‌ڵ چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

ئێوارەى ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان گەیشتە بەغدادى پایتەختى عێراق و بریارە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆببێتەوە و بەشدارى کۆبوونەوەیەکى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بکات.

بەگوێرەى زانیاریەکانى کەناڵ8 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەکۆبوونەوەى لەگەڵ هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت، باس لە هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان دەکات.

پێشتریش، دڵشاد شەهاب گوتەبێژى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاندبوو، ئەولەویەتى گفتوگۆکانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ هاوپەیمانى ئیدارەى دەوڵەت پرسى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستانە، چونکە هەرێمى کوردستان لە بۆشایی دەستووریدایە.

رۆژى 10 حوزەیران دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، پارتى دیموکراتى کوردستان رژدە لەسەر داواکارییەکانى پێشترى کە "بەم شێوازەى ئێستا بەشدارى هەڵبژاردن ناکات".