سوننە نزیکە لە دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

وێنەی کۆبوونەوەکە فۆتۆ: تۆڕە کۆمەڵایەتاییەکان

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، کە لەسەرچاوەیەکی نزیکەوە دەستیکەوتوون، ماڵی سوننە، گەیشتووەتە نیمچە رێککەوتنێک لەسەر یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

کەناڵ8 زانیویەتی، سوننە لەسەر بەربژێرکردنی سالم عیساوی، کۆدەنگە و زۆرینەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش پشتیوانیی لەناوبراو دەکەن.

شەوی شەممە 27ی نیسان، هەریەک لە لایەنەکانی سیادە و عەزم و حەسم، بە ئامادەبوونی سەرکردە سیاسییەکان و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆبوونەوەیەکیان لە ماڵی خەمیس خەنجەر ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی گرێکوێرەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەلەکردن لە چارەسەرکردنی ئەو بۆشاییە دەستوورییەی لە دەسەڵاتی یاساداناندا دروستبووە.

ئامادەبووان جەختیان لەوە کردووەتەوە، هێشتنەوەی ئەو پۆستە بە بەتاڵی و بەڕێوەبردنی بە وەکالەت پێشێلکارییەکی یاسایی روونە، داوایان لە هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت کرد بە خێرایی رێکبکەون لەسەر ناونانی سەرۆکێک بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران.

ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی دوورخستەوە، ئەو پۆستە بە بەتاڵی ماوەتەوە. رۆژی 13ی کانوونى دووەمی 2024، ئەنجوومەنی نوێنەران دانیشتنێکی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنى نوێنەران ئەنجامدا و شەعلان کرەیم، سالم عیساوی، مەحمود مەشهەدانی، عامر عەبدولجەبار و تەڵاڵ زەوبەعی، خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنى نوێنەران بەربژێر کرد.

مەحمود مەشهەدانی و تەڵاڵ زەوبەعی لە خولی دانیشتنی یەکەمی دەنگدان دوورخرانەوە و شەعلان کرەیم، بەربژێرى پارتی تەقەدوم، کشانەوەی خۆی لە پارتەکە و خۆ بەربژێر کردن راگەیاند، ئێستا سالم عیساوی وەک بەربژێرى سیادە ماوەتەوە، بەڵام بەهۆى دروستبوونى پشێویى لەناو هۆڵى ئەنجوومەنى نوێنەران، خولى دووەمى هەڵبژاردنەکە ئەنجامنەدرا.